ئۆلەمپیا، ئەو بەرهەمەی پاریسی شڵەژاند

2015-06-20 13:56

ئۆلیمپیا[1] ناوی یەکێک لە بەرهەمەکانی شێوەکاری فەرانسی، ئێدوارد مانە[2] کە لە ساڵی 1863 خوڵقاوە. ناوەڕٶکی ئەم بەرهەمە کە دەگەڕێتەوە بۆ ڤینووس[3] خودا ژنی یۆنانی کۆن، بە شێوەیەکی جیاواز لە هەموو تابلۆکانی پێش خۆی نەخشێنراوە. ڤێنووس ئەو جۆرەی کە لە تابلۆکانی پێش مانەدا وێنە کراوە، ژنێکی ئاسمانیە بە روومەتێکی ئەفسووناوی و چاوگەلێکی پاکەوە کە لەشی رووتی نەک لەشێکی زەوینی بەڵکوو لەشێکی ئاسمانیە کە دوورە لە هەر جۆرە چرچ و خەشی مرۆڤێکی زەوینی. یەکێک لە کۆنترین تابلۆکان بەرهەمێکی ساندرۆ بووتیچێللی[4]-یە بە ناوی لە دایک بوونی ڤێنووس،[5]  1486، ئەم تابلۆ یەکەم تابلۆیەکە کە لە سەردەمی رێنسانسدا ژنێکی رووت دەنەخشێنێت. تا پێش رێنسانس هیچ ژنێک بەم جۆرە وێنە نەکرابوو و زۆربەی ئەو تابلۆانەی کە ژنی تیا دەبینرێت، ئەو بەرهەمانەن کە پێوەستن بە چێرۆکی عیسا مەسێح کە یان کۆرپەیەکە لە باوەشی مریەم­دا یان باس لە شیوەنی مریەم دەکات بە دوای لە خاچ درانی مەسێحدا.

ساندرۆ بووتیچێللی، ڵە دایک بوونی ڤێنووس، 1486 ڤێنووس بۆ ئەندامانی ئاکادێمیای ئەفلاتوون لە فلۆرانس ‌دوو تایبەتمەندیی هەبوو: یەکەم کە ڤێنووس خوداژنێکی زەوینیە کە ‌هێمای ئەشقێکی فیزیکیە و دووهەمیش کە ڤێنووس خودا ژنێکی ئاسمانیە کە سەرچاوەی ئەشقكی مەعنەویە. لە بەشێ لە تابلۆکەی بووتیچێللی باس لە لە دایک بوونی ئافرۆدیت[1] لە ئاوەوە دەکرێت کە خەریکە قژی تەڕی وشک دەکرێتەوە. چیرۆکەکە ئێلهامێکە لە تابلۆیەکی ئاپل[2] شێوەکاری سەدەی چوارەمی پێش زایین. بووتیچێللی لە لای چەپەوە دوو ئاشقی باڵدار نیشان دەدات کە بەرەو ئافرۆدیت ئەفڕن، ئەم بەشەی دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی رۆژی سەدەی پازدەهەمی ئیتالیا کە ئەشقە.

لە ساڵی 1538 تابلۆیەکی­تر بە دەستی تیسین[1] یەکێک لە هونەرمەندە بە ناوبانگیەکانی سەدەی شازدەهەم لە ژێر ناوی ڤێنووسی ئۆربینۆ[2] دەخوڵقێت. لەم تابۆیەدا کە دەبێتە سەرچاوەی یەکەمی تابلۆکەی مانە، ڤێنووس لە سەر کورسیەک پاڵ کەوتەوە تماشای بینەر دەکات. لە پشتەوەش دوو کەس لە خزمەتکارانی ڤێنووسن بە دوای جلدا دەگەڕن کە فریای ڤێنووسی بخەن و لە چاوی بینەر دایپۆشن. بەڵام ڤێنووس بێ­باکانە لەشی ئاسمانی خۆی خستۆتە بەر چاوی بینەر. لە لای راستەوە سەگێکی سپی دەبینرێت کە هێمای وەفاداریە و رەنگی سپی نیشاندەری پاکیە کە هونەرمەند ویستوویە پاکی ڤێنووس بۆ بینەر دوپات بکاتەوە. ڤێنووس بە دەستی چەپی وەک ئافرۆدیت ناو لەشی داپۆشیوە و بە دەستی راستی گٶلێکی لە مشت گرتوە کە هێمای ئەشقە، بە پێچەوانەی ئافرۆدیت کە بە دەستی راستی سینەی خۆی داپۆشیبوو. ئەو خاڵەی لەم بەرهەمەی تیسین­دا باسی زۆری لە سەر دەکرێت بە جوانی ورد بوونەوەیە لەکەسایەتی  ناو تابلۆکە، بۆ نموونە زۆر بە سەرنجەوە کاری لە سەر وردەکاریەکانی روومەتی ڤێنووس کردوە.

تیسین، ڤێنووسی ئۆربینۆ،1538لە مێژووی هونەردا ڤێنووس کەرەکتەرێکی سەرنج راکێش بووە بۆ هونەرمەندان. پاش بووتیچێللی و تیسین هونەمەندانێکی دیکەش کاریان لە سەر ئەم کەسایەتیە کردوە و هەرکام هەوڵیان داوە پێگەیەک بۆ روایەتی خۆیان سەبارەت بەم خوداژنە لە مێشکی بینەردا بدۆزنەوە. ئانتۆنیۆ دا کۆڕێجۆ،[1] تابلۆی ڤێنووس و کووپیدۆ[2] لەگەڵ ساتیر،[3]  1528، دییەگۆ ڤێلاسکێز،[4]  تابلۆی ڤێنووس و ئاوێنە، 1647- 1651، دوو نموونەی دیکەن لە وێنە کردنی ڤێنووس کە لە چوارچێوەی پاکی ڤێنووس دەرباز نەبوونە.

 

ڤێنووس کێێە؟

ڤێنووسی لاپپیووگ ، لە نێوان 48 و 41 هەزار ساڵ لەمەوبەر خۆڵقاوە.ڤێنووس ناوی خوداژنێکە کە بە ئیلاهەی ئەشق بە ناوبانگە. ڤێنووس هاوسەنگە لەگەڵ ئافرۆدیتی یۆنانی و توورانی ئێترووسکی. ڤێنووس سەمبولی ئەشق، جوانی، فریو و ئەفسوونی ژنانەیە کە لە سەدەی دووهەمی پێش زایینەوە ئەفسانەی ڤێنووس تێکەڵ بووە لەگەڵ ئافرۆدیتی یۆنانی. لە دێرۆکدا، ڤێنووس-ئافرۆدیت لە دایک بووی کەفە.[5]  لە زانسی خوداناسی رۆم­دا، هەبوونی ڤینووس وەک بنەمای مێینە، بۆ وە دونیا هێنانی نەوەی نوێ و هاوسەنگی ژیان پێویستە. لە پانتێئۆنی رۆم، نێرینەی هاوسەنگ لەگەڵ ڤێنووس، ڤولکێن[6] خێوی ئاگر و کانزانگەرییە کە دەبێتە هاوسەری ڤێنووس. بە پێی دێرۆک ڤێنووس بە مەکری ژنانەی خۆی ڤۆلکێن بە لای خۆیدا رادەکێشێت و ئەم دوو خودا جیاوازە کە یەکیان نەرم و نیانە و ئەوی­دی زبر و نەپۆر لەگەڵ یەک جووت دەبن. ڤێنووس بە تەواوی مێهرەبان و سەرنجڕاکێشە و باوەشی بە رووی زۆر ئەرکدا کە لەیەک جیاوازن کراوەیە بەڵام ئەو ناتوانێت دەسکەوتی نیزامی یان ئاسوودەیی و سەروەت بدات بە کەس. لە دەقێکدا ڤێنووس ‌هێمای سۆزانیەکە دڵێ پیاوان داگیر دەکات و لە دەقێکی دیکەش­دا ڤێنووس یارمەتی قارەمانێکی فانی دەدات کە دەیەوێت سەوەتەیەک سێوی زێڕین بەرهەم بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئاتالانتا[7] رازی بکات ببێت بە هاوسەری. ئاتلانتا کێبرکێی ڕاکردن دیاری دەکات و دەڵێت هەر کەس بتوانێت لەو کێبرکێیە لە خۆی بباتەوە، شوو بە ئەو دەکات. قارەمانەکەش لە کاتی کێبرکێکەدا بە یارمەتی ڤێنووس سێوەکان بەم­لاوبەولا فرێ دەدات بۆ ئەوەی سەرنجی ئاتلانتا بەلای سێوەکاندا رابکیشیت و بتوانێت لیی بباتەوە و لە ئاکامدا هەرواش دەبێت و قارەمانەکە ئاتلانتا دەبەزێنێت.

لایەنگرانی کەرەکتەری ڤێنووس لە سەردەمی ڕێنسانسدا زۆرتر دەبن و کۆمەڵێک پەیکەرە و بەرهەمی نوێ سەبارەت بەم خوداژنە دەخوڵقێنن. لە سەدەی نۆزدەهەمیشدا دێرین ناسان چەند پەیکەرەیەکی مێینە دەدۆزنەوە کە میژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی نێئۆلیتیک واتە 25000ساڵ پێش ئەمڕۆ، ئەم پەیکەرە بچووکانە کە ئەنازەکانیان لە نێوان 4سانتیمیتر و 25سانتیمیتر دایە، لەشی رووتی مێیینەیە کە لە عاجی فیل و بەردی ئاهەک درووست بوونە، توێژەرانی مێژوو بە پێی ئەو چیرۆکانەی کە لە کۆنەوە هاتوە ناوی ئەم پەیکەرە رووتانەش دەنێن ڤێنووس، ئەڵبەت هیچ دیار نییە کە ئەم پەیکەرانە بۆ هەمان مەبەست درووس کرابێتن کە هەندێ لە وەک خوداژن لێکی دەدەنەوە.

 

ئێدوارد مانە 

ئێدوارد مانە شێوەکاری رێئالیست- ئەمپێرسیۆنیست، لە 23ی ژانڤیەی 1823 لە پاریس لە لە نێو بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندا لە دایک بوو. باوکی پارێزەر بوو و حەزی دەکرد کوڕەکەشی رێگەر ئەو درێژە پێ بدات. بەڵام مانە دەیەویست بە دوای حەزەکانی خۆیدا بڕوات. دایکیشی لە بنەماڵەیەکی بە ناوبانگی سویدی بوو . لە کێشە و بەرەی نێوان مانە و باوکیدا، یەکێک لە خاڵۆکانی مانە بە ناوی ئێدمۆند فوورنیەر[1]   بە هانایدا گەشت و پشتیوانی لێ کرد بۆ ئەوەی بە دوای شێوەکاریدا بڕوات. مانە لە تەمەنی 18 ساڵیدا، واتە ساڵی 1850، دەستی کرد بە شیوەکاری لە ئاتۆلیەی هونەرمەند تومان کوچر[2] کە شێوازی فێر کردن پێرەوی لە تەوەری رۆژ  کە یۆنانی کۆن بوو، دەکرد. مانەش هەر چەند ئەم تەوەرەی پێ خۆش نەبوو بەڵام چەند ساڵ لەگەڵ کۆچر مایەوە و درێژەی بە فێر بوون دا.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا هێشتا بەها و پێوەرە هونەریەکان ئاکادێمیای هونەرە جوانەکان لە چوارچێوەی چیرۆک و دێرۆکەکانی یۆنانی کۆندا مابوویەوە. "سالۆن"[1] کە گرنگترین شوێن بوو  بۆ ئەوەی هونەرمەندانی شێوەکار بتوانن تابلۆکانیان بخەنە بەرچاوی گشتی، بەهایەکی زۆری بە ئەو تابلۆانە دەدا کە لەو چوارچێوە دیاری کراوەکانی هونەری رۆژ دەرباز نەبن و چاوی چینی بوورژوا تێر بکەن. ئێدوارد مانە­ش یەکێک بوو لەو هونەرمەندانە کە بە باشی لە ڕێگەی ئاتۆلیەی تومان شارەزای کار کردن لە سەر بابەتەکانی رۆژ ببوو بەڵام ئەو بە شێوازی خۆی کاری دەکرد و نەدەچوە ژێر باری ئەو پێوەرە دیاری کراوانە.  هەر لەو کاتەشدا مۆدێرنیتە بەرۆکی فەرانسەی گرتبوو و پاریس شڵەژابوو. پاریسیش مەودای گۆرانکاریە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان بوو و هونەرمەندانیش بە تایبەت ئەمپێڕسیونیستەکان بە لوتفی بەرهەمەکانی مانە ئامادی لە باوەش گرتنی مۆدێرنیتە بوون. هەروەها سەدەی نۆزدەهەم سەدەی گۆرانکاریە گرنکەکانە لە بواری مۆسیقا و ئەدەبیاتیشدا بوو، ئەم سەردەمە بە تایبەتی سەردەمی هونەری فەرانسەیە و پاریس دەبێتە پایتەختی هونەری سەردەم. دیدرۆ، شالێر بوودلێر و ئێمیل زۆلا چەند نووسەرێکی کاریگەی ئەو ساڵانەن. ئەم سەدە هەروەها سەدەی یەکیەتی نووسەران و ئەدیبان و شێوەکاران بوو. بوودلێر یەکێکە لەو یەکەم نووسەرانەی دەستی کرد بە نووسین و رەخنە گرتن و لێکۆڵینەوە لە  هونەر و تاووتوێ کردنی ئەو گۆڕانکاریانەی مۆدێرنیتە هێناویە. تابلۆ رەچەشکێنەکانی مانەش دڵگەرمیەکی باش بوو بۆ ئەم نووسەرانە کە رەخنەیەکی زۆریان لە پێوەرەکانی سالۆن بۆ هەڵبژاندنی تابلۆکان هەبوو. لە ساڵی 1863دا یەکێک لە تابلۆکانی مانە بە ناوی چاشتا لە سەر فرێز کە بۆ پێشانگای سالۆن ناردبووی، رفووزە کرایەوە.

ئێدوارد مانە، چاشتا لە سەر فرێز، 1868ئەم تابلۆ کە سەرچاوەکەی دەگەڕتەوە بۆ تابلۆیەکی سەدەی شازدەهەم لە رافائێل[1] بە ناوی دادوەری پاریس، 1510-1511، مانە ژنێکی رووتی لەگەڵ دوو پیاوی پۆشتە پیشان داوە کە چاشتایان بردۆتە داوێنی سروشت. کەسێکی چوارەمیش هەیە لە ناوەڕاستی تابلۆکەدا، بەڵام دوورتر لە سێ کەرەکتەری سەرەکی، قاچی هەڵکردوە و رۆشتەوەتە ناو گۆمەکە و دەستی لە ناو ئاوەکەدایە. بەڵام فیگووری ئەم ژنە زۆر نزیکترە لەوەی کە پیشاندەری قووڵایی و پرسپێکتیڤ بێت، واتە مانە نەیتوانیوە بە باشی قووڵایی دیمەنەکەی نیشان بدات. گوایە سالۆن بەم هۆیە ئەم تابلۆیە بۆ پێشانگا پەسەند نەکردوە. بەڵام رەخنەگرانی ئەو دەم پێیان وایە کە سالۆن لە بەر ئەوەی ئەم تابلۆ رەچە پیرۆزەکانی شکاندوە، رێگەی بە نمایش دانی نەداوە. ئێمیل زۆلا یەکیک لەو رەخنەگرانەیە کە پیێ وایە کە سالۆن رەنگ و کۆمپۆزسیۆنی کردۆتە بیانوو بۆ پەسەند نەکردنی ئەم بەرهەمە. 

ئەم تابلۆ لەگەڵ کۆمەلیک تابلۆی هونەرمەندانی­تر لە پێشانگایەکی دیکە بە ناوی سالۆنی رفووزەکان[1] هەر لەو ساڵەدا 1863، نمایش دران. سالۆنی رفووزەکان کە بە فەرمانی ناپێلئۆنی سێهەم کرایەوە، بوو بە مەودای هونەرمەندە رەچەشکێنەکانی سەدەی 19 و بینەرێکی زۆرتری بە لای خۆیدا راکێشا.

چاشتا لە سەر فرێز هەرچەند لە باری تێکنیکیەوە کێشەی هەبوو، بەڵام ئەو روایەتەی کە مانە ‌هێنایە ئاراوە، کردی بە پەرچەمداری رەچەشکێنی و لە سەدی نۆدەهەم کە بە شان نەدان بە مۆدەی رۆژ رێگای بۆ روانێنێکی نوێ بۆ مێژوو خۆش کرد و دەلاقەیەکی بەرەو داهاتووی هونەر کردەوە.

تابلۆی ئۆلیمپیا، 1863-1865

ئۆلیمپیا کە لە هەمان سەردەمە ئاڵۆزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی فەرانسەدا خٶلقا، بە پێچەوانەی تابلۆکەی پێشوو، سالۆن نەیتوانی بەر بە نمایش دانی ئەم تابلۆ بگرێت و لە ساڵی 1863 لە سالۆن نمایش درا. ئەم تابلۆ شۆکێکی گەورەی دا بە کۆمەڵگای هونەری پاریس.

 ئۆلیمپیا لە سەر کورسیەک کە بە چەرچەفی سپی داپۆشراوە، بە رووتی پاڵ کەوتوە، بە گۆڵیکی سوور قژی رازاندوەتەوە، رووبانێکی رەشی بەستوە بە دوەر ملیا، خرخاڵێکی پانی لە دەستی راستی کردوە و بە دەستی چەپی ناولەشی داپۆشیوە، سووکەپێڵاوێک لە پێستی حەیوانی لە پیدایە، روومەتی ئاڕایشت کردوە و بە متمانە بە خۆ و بە سامەوە چاوی لە ناو چاوی بینەرە. ژنێکی رەش دەستە گۆڵێکی بۆ هێناوە کە یەکێک لە کڕیار یان دڵدارەکانی بۆی ناردوە. لە لای راستیشەوە پشیلەیەکی رەش راوەستاوە و تماشامان دەکات. ئەم پشیلە رەشە سەمبۆلی شهوەتە و حەیوانێکی شەیتانییە، بە پێچەوانەی تابلۆ پێشوەکان لە پاڵ ڤێنووسدا سەگێکی سپی وێنە کرابوو کە هیمای وەفاداری و پاکی بوو. جیاوازیەکی گرنگ لە نێوان ئەم ئۆلیمپیا و ڤێنووسەکانی پێشوو ئەوەیە کە مۆدێلی ئەم تابلۆ ژنێکی زەوینیە، ناوی ڤیکتۆرین مورێنە و لە زۆربەی تابلۆکانی مانەدا دەبینرێت. ئەم ژنە شەرمن و پاک نییە و شەهوەتێکی  زەوینی تێدایە. لەم تابلۆدا پرسپێکتیڤ بوونی نییە و قووڵایی تابلۆکە بە رەنگی رەش داپۆشراوە و لەشی ئۆلیمپیا بە رەنگێکی رۆشن و رووناکیەکی زەق پیشان دراوە.

مانە بەم کارەی میشکی پاریسیەکانی توشی شۆک کرد و پیرۆزی ئەو چیرۆکە کۆنەی یۆنانی لە بەر چاوی خەڵک شکاند. ئەو کە لە ساڵی 1857 سەردانی فلۆرانسی کردبوو، لە نزیکەوە چاوی بە تابلۆکەی تیسین کەوت و لە چوارچیوەی بەرهەمەکەی ئەو ئیلهامی گرت بۆ نەخشاندنی ئۆلیمپیا. کە گەڕایەوە بۆ پاریس کۆپیەکی لە رووی کارەکەی تیسین ئەنجام دا و پاش چەند ساڵ ئۆلیمپیای خوڵقاند. ئەم تابلۆش وەک چاشتا لە سەر فرێز دەنگی زۆر کەسی بەرز کردەوە، بەڵام نووسەران و رەخنەگرانی ئەو دەم پێشوازیان لە رەچەشکێنیەکەی مانە کرد. بۆ نموونە زۆلا لە یەکێک لە بابەتەکانیدا سەبارەت بە پشیلەکەی مانە دەڵێت: "ئەمە ئاشکرایە کە ئەم پشێلە کۆمیکێکی گەورەیە، وا نییە؟ دەبێت کەسێکی نەزان بیت بۆ ئەوەی پشیلەیەکی ئاوا لەم تابلۆدا جێ بکەیتەوە." لە درێژەشدا زۆلا دەڵیت: بەڵام هەر ئەو پشیلە پیوەرێکی مسۆگەرە بۆ ئەوی سەردانی ئەم پێشانگا بکەن.

ئەو شتەی کە جیگای باسە ئەم پرسیارەیە کە ئایا ئەم تابلۆ رسواییەکە بۆ هونەری ئەو سەردەمە؟ بۆچی ئاکادێمیای هونەر و رەخنەگران شۆک ببوون؟ ئایا لە بەر ئەوە بوو کە ئەم ئۆلیمپیا کەسێک نەبوو بێجگە لە مۆدیلە هەمیشەییەکەی مانە، کە لە چاشتا لە سەر فرێزیش بە رووتی دانیشتوە؟--واتە ڤیکتۆریەن کە مۆدێلێکی شارەزا و ناسراو بوو و لە سەر زەوی و لە نێوان بینەراندا دەبینرا! ئایا لە بەر ئەوە بوو لە نێو چاوانی ئۆلیمپیادا ئیتر نە شەرم بوو نە پاکی و هەموو ئێلێمانەکانی ناو ئەم تابلۆ باس لە شەهوەتێکی شەیتانی دەکەن بەرانبەر بە ژنێک کە مرۆڤێکی ئاساییە؟

ئایا مانە ویستوویە بەم جۆرە تامەزرۆیی فەرەنسیەکان بۆ یۆنانی کۆن رووبەڕووی پرسیار بکاتەوە؟ ئەو تامەزرۆییەی کە ساڵانێکی زۆر گەشە و لێهاتووی هونەرمەندانی فەرەنسای گرێ دابوو بەو روانگە دیاری کراوەی کە یۆنانی کۆنی ستایش دەکرد! یان مانە تەنها ویستوویە خۆی لە چورچیوەی ئەو شیوازە کلاسیکەی دونیای رەنگ و خەت و کۆمپۆزیسیۆن و هتد رزگار بکات؟

ئاشکرایە کە مانە ریگە خۆشکەری گۆرانکاریەکی گەورە بوو لە شێوەکاریدا و رۆشتن بەروە ئەمپێرسیۆنیزم. هەروەها مانە مرۆڤی لە ئاسمانەوە هینایە سەر زەوی و یارمەتی کۆمەڵگای دا کە لەو چوارچێوە چەق بەستوەی پەرەستشی دێرۆکە کۆنەکان خۆی رزگار بکات و زەوینی­تر چاو لە ژیان بکات. بەرهەمەکانی مانە کێشەوبەرەیەکیش بوو لە بەرانبەر ئایین و و پرسیارێکی گەورە بوون لە بەرانبەر روایەتەیەکانی کتێبی ئێنجیل. بۆیە کلێسەش نیگەران بوو و پێی خۆش نەبوو ئەم جۆرە روانینە گەشە بکات.

ئۆلیمپیا کە دابەزیوە و لە سەر کورسیەکی زەوینی پاڵ کەوتوە، بە چاوێکی زەوینیشەوە چاومان لێ دەکات، وە بە ئاسانی و بە بێ ترس ئەومان بۆ باس ئەکات کە جەستەی دەتوانێت مۆدێلێک بێت بۆ شێوەکارێک کە دەیهەوێت بەرهەمێکی هونەری بخوڵقێنێت یان کانگای چێژ بێت بۆ کڕیارێک یان دڵدارێک کە چەپکە چەپکە گٶلی بۆ دەنیڕیت یانیش تەنیا وێنەیەک بێت بە سەر دیوارێکەوە بۆ ریوایەت کردنی مێژووێک. وە لە ئاکامدا ئەمە ئەوە کە بڕیار دەدات کە کامیان بێت.

مانە بە ماوەی 20ساڵ لەگەڵ ئەو بۆچوونە کۆنپارێزانەی کە سەرچاوەکەی سالۆن بوو، خەباتی کرد. لە کۆتایی تەمەندیدا بوو کە دەوڵەت بڕیاری دا نیشانی سەربەرزی لێژیۆنی[1] پێ ببەخشیت. هەواڵی ئەم بڕیارە لە 30 دێسامبری 1882 بە مانە گەیشت. ئەم خەڵاتە لە کاتێدا درا بە مانە کە ئیتر هێزێکی بۆ نەمابوو و ماوەیەکی زۆر بوو کە نەخۆشین وچانی بەرهەم هێنانی لێ بڕیبوو و لە ناو جێگەدا بوو. ئێدوارد مانە لە ئاکامدا لە 30 ئاپریلی 1883 کۆچی دوایی کرد.

پاش مەرگی مانە، فرانسیسکۆ گۆیا، شێوەکار و دۆستی مانە وتی: "لە راستیدا ئێمە نەمندەزانی کە ئەو تا ئەو ئەندازە گەورەیە... ."

پۆل سێزان (1839-1926) و پیکاسۆش(1881-1973) دوو تابلۆی جیاوازیان لە ڤینووس کێشاو  بە ناوەکانی ڤێنووس و دڵدار، لە پیکاسۆ،  1949، و ئۆلیمپیای مۆدێرن لە سێزان، 1973   ڤینووسیش بە لوتفی مانەوە  لەو چوارچێوە دەمارگرژانەکەی پێشوو رزگاری بووە و ئەمڕۆ ئازادانە­تر لە بەرهەمەکان دەردەکەوێت.

سێزان، ئۆلیمپیای مۆدێرن،1873پیکاسۆ، ڤێنووس و دڵدار، 1949

 

 

 

سەرچاوە:

Françoise Cachin, Manet « J’’ai fait ce que j’ai vu », Gallimard/Reunion des Musees    nationaux, 1994

Stéphane Guégan, Manet l’héroïsme de la vie moderne, Paris, 2011

Dominique Borne, Olympia de Manet, Paris, 2008

Emile Zola, Ecrite sur l’art, Article paru dans le journal « L’événement » ; 4 mai   1866.

Dominique Borne, Olympia de Manet, Paris, 2008

Dominique Borne, Olympia de Manet, Paris, 2008

Stéphane  Guégan, Manet l’héroïsme de la vie moderne, Paris, 2011

Dominique Borne, Olympia de Manet, Paris, 2008

Gilles Néret, Manet, TASCHEN GmbH, 2006

 

ماڵپەرەکان:

https://www.olympiamanet.com/

https://www.delerck.chez-alice.fr/scandale.htm

https://www.autourdelolympiamanet.wordpress.com

https://www.cahiersnaturalists.com/Salons/ecrits0.html

https://www.metmuseum.org/toah/hd/mane/hd_mane.htm

https://www.cahiers-naturalistes.com/Salons/01-01-67.html

 

 

 


[1] - legion de honor

 


[1] - Salon des Refusés

 

 


[1] - Raphaël

 


[1] - Salon


[1] - Edmond Fournier

[2] - Thomas Couture

 


[1] - Antonio da Correggio

[2] - Cupidon، هێمای ئەشق کە بە کۆرپەی رووت وێنە دەکرێت.

[3] - Satyre، هێمای شەهوەت، نیمە مرۆڤ- نیمە بزن.

[4] - Diego Vélasquez

[5] - کەفی ئاوی زەریا.

[6] - Vulcain

[7]- Atalanta، ئۆستوورەیەکی یۆنانی کۆن کە بە کچە نەچیرڤانی ئارکادیایی بە ناو بانگە.  

 


[1] - Titian

[2]- Venus d’Urbino

 


[1] - Aphrodite، یەکێک لە ناوە کانی ڤێنووس.

[2] - Apelle، شێوەکاری سەدەی چوارەمی پێش زایین کە وێنەی شەڕی ئەسکەندەر و داریووشی سێهەمی کێشاوە. دەوترێت ئاپڵ کۆمەڵی پۆرترێتیشی کێشاوە(؟)، بەڵام سەبارەت بەم کەسەیاتی و کێ بوونیشی زانیاری تەواو لە بەر دەست دا نییە. 

 


[1] - Olympia

[2] - Edouard Manet

[3] - Venus

[4] - Sandro Botticelli

[5] - La Naissance de Vénus