بۆ نابێت رەخنە لە ئایین بگرین؟

2008-08-05 00:37
 
 

رەخنە لە ئایین یەکێکە لە لێدوانە باوەکانی جیهانی ئەمڕۆ. پێشکەوتە زانستیەکان وردە وردە بووەنەتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ لەوە تێبگات کە بە سەرنجدانی جیهانی ماددی دەروروبەری دەتوانێت باشتر جیهان بناسێت و تا رادەیەکی زۆریش کونترۆڵی بکات. ئەمە جگە لە تیپەرَین لەو سنوورانەی کە پێشتر تایبەت بوون بە دەستووراتی ئیلاهی(لاهوتی) و هەروەها تێکەڵ بوونیان لەگەڵ دونیای ماددی، هۆکاری بەهێز بوونی ئەم بیرۆکەیە کە ئەو شتانەی ئەمڕۆ نادرکێن و ئیلاهی دێنە بەرچاو، سبەی ئاسایی و ماددیە و لە هەر جۆرە راز و نهێنیەک دوور دەبێت. هەر بۆیە لە ژیانی مرۆڤی مودێڕن لێدوان دەربارەی ئایین و پلەی لە کۆمەڵگا دەست پێدەکات. لەم بارەوە دەتوانم ئاماژە بکەم بە کەسانێک وەک ریچاردداوکینز، دانیەل دێنێت، سام هەریس، ئێرشادمۆنجی، سەلمان رۆشدی و ئێبنە وەڕاق. ئەڵبەت ئەمانە تەنیا چەند نموونەیەکن لەو کەسانە و لە راستیدا رێژەی ئەم جۆرە کەسانە کە ئەمڕۆکە ئایین بە لایانەوە بایەخێکی نییە زۆرن. ئەم کەسانە راستەوخۆ رەخنە لە ئایین دەگرن و دەیانەوێت نیشان بدەن کە سەردەمی بیرکردنەوەی ئایینی کۆتایی پێهاتووە. بەلام ئەم جۆرە رەخنە گرتنە بەلای منەوە سەرنج راکێش نییە. من پێم وایە کە رەخنە گرتن لە ئایین دەسکەوتێکی نییە جگە لە هەرا و هوورا ساز کردن کە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنگی ئێمە لە ژێر کۆمایەک لەم هەرا هەرایانەدا نەبیسرێت، بەتایبەت لە کۆمەڵگایەک وەک کوردستان. لە لایەکی ترەوە ئەگەر مەبەست لە رەخنە چاکسازی ئایینی بێت، ئاکامەکەشی دەبێت ریفۆرمی ئایینی بێت. دەبێت بە ئاشکرا بڵیم کە لەگەڵ رێفۆرمی ئایینیشدا نیم و ئەوەش بە کڵاوبازیەکی گەورە بۆ پاراستنی بڕواگەڵیکی بیرگرساوانە دەزانم کە بۆ هەندێک سوودهێنەرە؛ باسی ئەم سوودهێنەرییە دادەنیێم بۆ دواتر. بۆیە من پێم وانییە ئەگەریش رەخنە لە ئایین تاکوو ئێستە ئاکامێکی باشی بووبێت تەنیا بۆ رەخنە لە ئایین بووبێت بەڵکوو ئەم رەخنەیە زەمانێک کارسازە کە مەبەست لە رەخنە لە ئایین، رەخنە لە تاکی دیندار بێت. ئەوانەی وا دژایەتییان هەیە لەگەڵ رەخنەگرتن لە ئاییندا، کەسانێکن کە خۆیان لە بیر نەماوە و پییان وایە کە پاسەوانی ئایین یان شەرێعەتی ئیلاهین. ئەوانە پییان وایە کە لە لایەن خوداوەندەوە ئەو ئەرکەیان پێدراوە کە پاسەوانی لە ئایینی ئەو بکەن و ئەڵبەت ئەمانەش لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت کۆمەڵگایەک وەک کوردستان زۆرن و بەئاسانانی دزەدەکەنە نێو سیستەم و کۆمەڵگا. بۆ ئەوەی باوڕ بکەن دەتوانن تەنیا یەک جار لە رۆژی هەینی پیاسەیەک لە نێو شاردا بکەن ئەوکات رخنەیان لە نێو رێزەکانی نوێژی جەماعەتدا دەبینن. بۆیە رەخنە لە ئایین جگە لە درووست بوونی سەرئێشە ئاکامێکی­تری نییە. ئەگەر بڕیارە رەخنە لە ئایین لە رێگەی رەخنە لە کەسی دیندارەوە بەسوود بێت، بۆچی راستەوخۆ بڕواکانی کەسی موسۆڵمان نەخەینە بەر کێشەوبەرەوە؟ بۆچی لە باتی رەخنە لە ئیسلام رەخنە لە کەسی موسۆڵمان نەگرین؟ ئەم کارە لە لایەن کەسەوە ناکەوێتە بەر چەواشەکردنەوە. هەرکەسێک کە وابزانێت جێگەی رەخنەی تێدا نییە ناتوانێت دیندار بێت و لە ئاکامدا ناشتوانێت موسۆڵمان بێت. چوونکوو بە پێی بڕوا ئایینییەکان ئەمە تەنیا خودا و پێغەمبەرن کە هەڵە ناکەن، باقی مرۆڤەکان هیچکام ناگەنە پێ رەسوولێ خوداش، بۆیە مومکینە هەڵە بکەن، تەنانەت ئەگەر مەلایەکی پایەبەرزیش بن. هەرئەوندە کە هەڵەیەک رووبدات ئیدی هیچ سنوورێک لە بڕواکان نییە کە دوور بێت لە هەڵە، تەنانەت خودی برَوا بە خوداش. ئاگادار بن ئێمە لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە کە ئایا خودا وجوودی هەیە یان نە، بەڵکوو پرسیاری ئێمە لە کەسێکی دیندار ئەوەیە کە لە کوێوە دەزانێت خودا وجوودی هەیە یان نە؟ ئەگەر بڵێت کە لە قورئاندا نووسراوە، ئەو پرسیارە دێتە مەیدان کە باشە، لە کوێوە دەزانێت کە قورئان کتێبێکە کە دەبێت باوەڕی پێبکەین؟ ئەمە بەو مانا نییە کە ئێمە دەڵین قورئان کتێبێکی باوەڕ پێکراو بێت یان نە، بەڵکوو تەنیا بەو مانایە کە ئێمە دەمانەوێت بزانین کە کەسێکی موسۆڵمان بۆچی برَوای هەیە بە قورئان. ئەگەر بڵێت کە کەسێک بۆ نموونە عالمێکی ئیسلامی وای گوتووە ئەوکات ئێمەش دەپرسین کە باشە لە کوێوە دەزانیت کە ئەو عالمە ئیسلامی هەڵەی نەکردووە.باشتر وایە ئێمە لە باتی رەخنە لە ئایین رەخنە لە کەسی دیندار بگرین و لەگەڵ پرسیارگەلێکی بنەڕەتی روویەڕووی بکەینەوە. ئێمە دەبێت داوای لێ بکەین هۆکاری بڕواکانی شرۆڤە بکات. ئەگەر توانای ئەوەی هەبوو کە بەڵگەیەکی باش بهێنێتەوە ئەوکات هەمووان ئەو بەڵگانە هەڵدەسنگێنن و باوەڕی پێدەکەن بەلام ئەگەر بەڵگەیەکی نەبوو ئەمجار ئەمە ئەو نییە کە بڕیار دەدات کە دەبێت چی بکرێت و چی نەکرێت. تەنانەت ئەگەریش کەسێک بەڵگەی تەواوی بۆ سەلماندنی هۆی بڕواکەی نەبوو و بەردەوام ویستی کە بڕوای بەو شتە بمێنێتەوە هیچ کەس مافی ئەوەی نییە کە بە زۆری ئەو کەسە مەجبوور بە هەڵگەرانەوە لە برَواکەی بکات؛ ئەمە تەوەری سەرەکی سێکوولارەکان و ئتێئیستەکانە.ئەمە شێوەیەکی رێگوشایە لە رەخنەگرتندا و ئاکامی باشی دەبێت؛ هەم بۆ دینداران و هەم بۆ ئەوانەی بێ برَوان بە ئایین. ئەمەش بزانین کە ئەمە کەسی موسۆڵمانە کە دەبێت رەخنەی لێ بگیردرێت نەک ئایینی ئیسلام.

تێبینی: ئەم بابەتە لە رۆژنامەی میدیا ژمارە 350 بڵاو بوەتەوە