رۆڵی ژن لە سینەمای ئێراندا

2012-02-17 00:00
 
 

مێژووی هاتنی سینەما بۆ ئێران. پێنج ساڵ پاش ئەوەی داهێنانی کامێرا لە لایەن 

لوومیەرەکانی 

فەرانسە[1] لە ئەورووپا گەشەی سەند، مۆزەفەرەدین پاشا لە ساڵی 1900ی زایینی 

سەردانی ئەورووپای کرد. لە سەفەرنامەکەی مۆزەفەرەدین پاشادا هاتووە کە: ” پاشا لە رێکەوتی یەکشەممە 17ی تیر مانگی 1279ی هەتاوی (1900ی زایینی) ، لەگەڵ میرزا ئیبراهیم خانی عەکاس باشی سەیری دەزگای “سینەماتۆگراف”ی کرد.”[2] لە راستیدا پاشا بە هەڵە بە کامێرای دەوت سینەماتۆگراف، (واتە ئەو کەسەیە کە ئەم ئامێرە بە کار دەهێنێت). مۆزەفەردین پاشا پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران لە ئەورووپا لەگەڵ خۆی سینەماتۆگرافی بردە ئیران و ئیبراهیم خانیش کە پێشتر وێنەگر بوو و شەنسی ئەوەی هەبوو کە باوکی بینێریتە پاریس بۆ فێر بوونی فۆتۆگرافی، شارەزایی هەبوو لەگەڵ فۆتۆگرافیدا و وەک یەکەم سینەماتۆگرایش کامێرای لە ئێران بە کار 

هێنا. مۆزەفەرەدین پاشا بەم دەم و دەزگا نوێیە کە بردبوویە ئێران دەیگوت دەزگایەکە کە دەیخەیتە سەر دیواردا و لە ناویدا خەڵک نیشان ئەدات. ئەم شتە سەیر و سەمەرە کە خەڵک ناویان نابوو جەعبەی جادوو، وەک زۆربەی شتەکان بۆ ژنان بڤە بوو. تەنیا پیاوان بۆیان بوو بڕۆنە شەقامی ناسری تاران و سەیری ئەو خەلکە بیانییە بکەن کە لە سەر دیوارەکە جووڵەیان دەهات، ئێنجا پیاوەکان دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە و بە کۆمایەک سانسۆرەوە ئەو شتانەی کە بینیبوویان دەیانگەڕاندەوە بۆ هاوسەرەکانیان. ئەم دۆخە نادادوەرانە درێژەی هەبوو تاکوو خان باباخانی مۆعتەزێدی توانی وەک سینەماکارێکی پرۆفشناڵ پیگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە. خان بابا خان کە لە تەورێز هاتە دونیا شەنسی ئەوەی بوو کە لە تەمەنی میرمنداڵیدا چاوی بە فیلمە سامتەکانی رۆژئاوا بکەوێت، لەو کاتەدا مەسیحیە کاتۆلیگەکانی تەوریز سالۆنێکی گەورەیان درووست کرد کە جێگای سەد کەسی تێدا دەبوۆ. خان بابا خانیش کە 94ساڵ ژیا دەرفەتی باشی بوو کە ببێتە هۆی درووست بوونی جێگایەک بۆ ئەوەی ژنانیش بتوانن بچنە سینەما. مۆزەفەرەدین خان باباخان لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا نووسیویە: “ئەو سەردەمە ژنان نەیاندەتوانی بچنە سینەما، هەر بۆیە منیش ئەو فیلمانەی کە خۆم درووستیانم کردبوو یان لە رۆژئاواوە هێنابووم، لە سالۆنێکی تایبەتدا بۆ ژنان نمایشم دەدان، بەڵام دواتر لەگەڵ یەکیک لە خاوەندارانی سینەما قسەم کرد و سینەمایەکمان بە تایبەتی بۆ ژنانیش دروست کرد.”[3] بەڵام کەم کەم وای لی هات کە ژنان و پیاوان بتوانن پیکەوە بچنە سینەما، بەڵام پیاوان لە لایەک و ژنانیش لە لایەکی­تر دادەنیشتن. بە دوای ئەم دۆخەدا رەزاشای 

پەهلەوی خۆی خست بە سەر دەسەڵاتدا و دەیویست یەک شەوە ئێران بکات بە وڵاتێکی مۆدێڕن، هەندێ بەربەستی بۆ رۆیشتنی ژنان بۆ سینەمای ئەڵبەت بە مەرجەوە شکاند. مەرجەکانیش ئەوە بوون کە درگای ژنان و پیاوان جیا بێت و دەبوایەت لە رۆشتنی ئەو ژنانەی کە داوێن پاک نەبوون و ئەو گەنجانەی بێ ئەخلاق بوون بەرگری بکرێت[4]. ئەڵبەتە هیچ پێوەرێک 

بۆ ناساندنی ئەم کەسانە دیاری نەکرابوو. یەکەم فیلمی سینەمایی بە بەشداری ژنان. سینەماش زۆر شتی تێدا بوو کە وەک زۆربەی شتە رۆژئاواییەکان بۆ خەڵکی ئێران تابۆ و نامۆ بوون. ژنی ئێرانی کە رٶڵێکی پێناسە کراوی هەبوو و دەبوایە بە درێژایی مێژوو خۆی لە ژێر عەبا و لەچکی رەشدا حەشار بدایەت، بە بەردەوامی یەکەم قوربانی هاتنی هەر شت یان چەمکێکی نوێ بۆ ئەم ناوچەیە بوو. رۆژئاوا ئەزموونێکی درێژەخایەن گەیاندبووی بە بەرهەمهێنانی ئەو ئامرازانەی کە بۆ رۆژهەڵات نامۆ بوون. ئەم بڤە بوونانە هیچکات لە رۆژئاوا رووی نەدەدا، چونکوو ئەو ئامراز و دەزگاگەلە بەرهەمی ئەو کەلتوورە بوون کە ژن و پیاوی رۆژئاوایی خاوەنی بوون. بەڵام ژنی رۆژهەڵاتی نە تەنیا خاوەنی هیچ نەبوو، هیچکاتیش نەیتوانی تەنانەت ببێت بە خاوەنی لەش و هزری خۆێشی، ئەگەر تەنیا سینەما لە بەرچاو بگرین لەگەڵ ئەم هەموو گۆرانکارییەدا کە لە جیهاندا رووی داوە هێشتا سینەما چوون لە ئێران بۆ ژنان بڤەیە. . یەکەم فیلمی سینەمایی لە ئێران کە ژنێک توانی وەک ئەکتەر بەشداری تیا بکات ناوی “کیژی لۆر”[5] بوو کە لە ئۆکتۆبری 1939ی زایینی لە تاران نمایش درا، دەرهێنەری ئەم فیلمە “عەبدۆلحوسەین سپەنتا” بۆ بەرهەم هێنانی ئەم فیلمە لە هێندووستان دەستی بە ئیش کرد، بەڵام کێشەی سەرەکی نەبوونی ژن بوو کە وەک ئەکتەر لەگەڵی کار بکات. 

هەوڵەکانی سپەنتا بێ دەرئەنجام بوو و لە ئاکامدا “ڕووح ئەنگیز سامی نژاد”[6] کە هاوسەری یەکێک لە کارمەندەکانی کۆمپانی “ئەمپێریاڵ”[7] بوو، ئامادە بوو رۆڵی “گۆڵنار” لە فیلمی کیژی لۆر ببینێت. رووح ئەنگیز رۆڵی خۆی بە باشی لەم فیلمەدا نواند، هەرچەند بە پیی پیوەرەکانی ئەمڕۆ ئەکتەرەکان زۆر کاریکاتۆرین بەڵام بینەرانی ئەو کاتەی ئەم فیلمە بە باشی پێوەندیان لەگەڵ رۆلەکان دەگرت. ئەم فیلمە پێشوازیەکی زۆری لی کرا و وەک یەکم فیلمی سینەمایی 155خولەکی جێگای خۆی کردەەوە. بەڵام رووح ئەنگیز وەک یەکەم ژنە ئەکتەری ئێرانی لەگەل لۆمە و زەبر و ئیهانەیەکی زۆریش رووبەڕوو بوویەوە. خۆی لە وتووێژێکدا وتوویە کە خزمەکان ئێستاش ئەڵین ئەو کارەی تۆ پێگەی ئێمەی لە نیو کۆمەڵگادا خراپ کرد. رووح ئەنگیزیش درێژەی بە کارەکەی نەدا و هۆی دەست کێشانەوەی لە ئەکتەری گەڕاندەوە بۆ ئەو لۆمە و ئازارەنەی بەم بۆنەوە بینیبووی.[8] رووح ئەنگیز 30ئاپریلی 1997 لە تەمەنی 81 ساڵیدا لە تەنیایەکی درەێژخایەندا کۆچی دوایی کرد، مەرگی ئەم ئەکتەرە لە حاڵێکدا بوو کە تەنانەت زۆربەی سینەماکاران پییان وا بوو رۆح ئەنگیز زۆر پێشتر لەم رێکەوتە کۆچی دوایی کردوە. بەڵام هەر لەم یەکەم فیلمەوە تا پێش شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، ژنان لە سینەما رۆلێک زیاتر لە رۆلی قوربانیان نەبوو. لە زۆربەی فیلمەکانی پیش 1979ی زایینی هەمیشە دوو پیاو بە هۆی ژنێکەوە پێکەوە بە شڕ دێن . پیاوێکی خراپ ژنێک هەلدەخڵەتێنێت و پیاوێکی باش ژنەکە رزگار دەکات و ئێنجا لەگەڵی زەماوەند دەکات. پاش هاتنی رەزاشا کە هەندی گۆڕانکاری لە نواندنی رۆلی ژنان هاتە ئاراوە و ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر توانیان ببنە ئەکتەر، دیسان ژنان وەک بوونەوەرێکی لاواز کە زوو هەڵدەخڵەتێت یان دەروونێکی شەیتانی هەیە نیشان دەدران. ئەڵبەت هەموو ژنێکیش نەیدەتوانی بڕواتە ناو کاری سینەماوە و ئەو ژنانەش زۆربەیان لە چینی دەولەندمەن و لایەنگرانی سیاسەتەکانی رەزاشا بوون، هەر بۆیە چینی فەقیری کۆمەڵگای ئیران بەردەوام بە چاوێکی خراپەوە سەیری ژنە ئەکتەرەکانی دەکرد. بەڵام ئەو شتەی کە لە سینەمای ئێراندا هەمەگیر ببوو بە کار هینانی ژن تەنیا وەک کەرەستەیەک بوو کە بتوانێت چاوی برسی کۆمەڵگا بە شتە بڤەکان تێر بکات. هەر لەم کاتەدایە کە رۆڵی ژنی کابارەنشین و سەماکار و گۆرانی بێژ زیاد دەبێت و زۆربەی ئەم ژنانە کەسایەتیەکی سووک و لاوازیان لە نێو فیلمەکاندا هەیە. ئەم 

روانگە بە ژن کە لە فیلمەکانی ئەو سەردەمەدا بە زەقی خۆی دەنواند گرێی خواردبوو بە شێوازی مۆدێڕنیزە کردنی ئێران بە زەبر و زەنگی رەزاشای پەهلەوی کە دیسان یەکەم قوربانییەکانی ژنان بوون. رەزاشا بە زەبر چارشێو و عەبای لە سەر ژنان لا برد. لە لایەکەوە ئەم هەوڵە بە قازانجی کۆمەڵگا و بە تایبەتی ئەو ژنانە تەواو بوو کە توانیان لە چوارچێوەی داخراوی ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و ئیش بکەن، لە لایەکیشەوە هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە سەر ژناندا دەشکایەوە. بۆیە ئەم ڕوانگە زاڵە نەیدەتوانی شتێک زیاتر لە ژنی بەدکارە و لاواز لە سینەمای ئێراندا نمایش بدات. کۆمەڵگا لە لایەکەوە تینووی بینینی ژنی بێ عەبا و ئاوازەخان و سەماکار بوو و لە لایەکیشەوە بەرگەی ئەو هەموو گۆڕانکاییە زۆرەکییەی نەدەگرت. کە هیچ مێژوویەکی لە پشتەوە نەبوو. لەم هەرا و هوریایەدا کەسێک پەیدا بوو کە دەیەویست ژن وەک مرۆڤ نیشان بدات، بەهرام بەێزایی، ئەم دەرهێنەرە کە دژی قارەمانپەروەری پیاوانە بوو، یەکەم کەسێک بوو کە پیگەیەکی تازەی لە سینەما بە ژن دا. کاراکتەری ژنەکان لە ناو فیلمەکانی بەیزایی لە چوارچێوەی کەرەستە بوون دەرباز دەبن و وەک مرۆڤێکی خاوەن هەست و بریار دەردەکەوەن. رەگبار[9] کە یەکێکە لە فیلمە باشەکانی مێژووی سینەمای ئێران پێگەی 

مرۆڤانەی ژنی بە پیجەوانەی هەموو فیلمە پیشوەکان خستە بر چاو. “ژن لەم زاویەوە هەڵگری بەشیک لە ئەندیشەی دیاریکراوی بەیزاییە.[10] بەڵام ئەندیشەی کەسانێک وە بەیزایی شەنسی ئەوەیان نەبوو کە پێشوازیان لی بکرێت و گەشە بسینن، ئەم ئەندیشە تەنانەت محەمەدرەزاشا(جێنشێنی رەزاشا)ی مۆدێرن خوازیشی دەترساند، وە بە هاتنی کۆماری ئیسلامی ئەم جۆرە ئەندێشەگەلە کە دەیویست ژن لە چوارچێوە ئەو رۆلە لاواز و نفرەتاویانە رزگار بکات بەردەوام لەگەڵ ئاستەنگی سەخت رووبەڕوو دەبویەوە. بەیزایی پاش شٶڕشی کۆماری ئیسلامیش چەند فیلمێکی باشی بەرهەم هێنا بەڵام پاش ئەوەی کە زۆربەی ئەو ژنە ئەکتەرانەی کە خاوەنی پیگە و ئەندێشەیەکی نوێ بوون لە ئەکتەری دوور خرانەوە، بەیزاییش تا ئێستا ئیجازای بەرهەم هێنانی فیلمی پێ نەدراوە. باشۆ، نامۆیەکی چکۆلە[11]، یەکێکە لە فیلمە بە هێزەکانی پاس شۆڕش کە سووسەن تەسلیمی[12] تێدا رۆڵی ژنێکی وەرزێر بە ناو رەعنا دەگێڕیت، هاوسەرەکەی رەعنا بۆ کار کردن بەروە شار رۆشتوە و مال و منالەکەی لە گوند بە جێ هێشتوە. رووداوەکان تایبەتن بە کاتی شەڕی ئیران و ئێراق. باشۆ کە ؛یرمنداڵێکی عەرەبی باشووری ئیرانە، بنەماڵەکەی بزر کردوە و لە تاو بۆمباران هەلهاتوە و لە باکووری ئیران خۆی دەدۆزێتەوە. رەعنا و باشو لەگەل یەک رووبەڕوو دەبن و و هیچ لە زمانی یەکتر تێ ناگەن. رەعنا بڕیار دەدات پەناگایەک بێت بۆ باشو. بەڵام دراوسیکان بەردەوام لۆمەی دەکەن، کە هاوسەرەکەشی دەگەڕیتەوە بەم بڕیارەی رەعنا ناڕازییە. ئەما رەعنا کۆڵ نادات و نە تەنیا ژنێکی لاواز نییە بەڵکوو خاوەن بریارە و بۆ بژیوی ژیان خۆیشی کار دەکات. سووسەن تەسلیمیش 

ئەکتەری ئەم فیلمە پاش ئەوەی لەگەڵ بەیزایی چەند بەرهەمیکی باشیان خوڵقاند لە کاری ئەکتەری دەرکرا و ناچار ولاتی بە جی هیشت و لە سوێد نیشتە جی بووە. سینەمای پاش شۆڕشی ئیسلامی. عەبا هەروها کە بە زۆری لە سەر ژنان لا برابوو هەر بە زۆریش درایەوە بە سەریاندا. زۆربەی ژنە هونەرمەندەکان خرانەوە نیو چوارچێوە داخراوەکەی ماڵەوە و سینەماش کەوتە دەست توندڕەوە ئیسلامیەکان. ئەم شۆڕشە کە شەڕی ئێران و ئێراقی بە دواوە بوو و هەشت سال بە بێ هیچ دەسکەوتێک دریژەی بەو شەڕە دا، ئەو کەمە دەسکەوتەی ساڵانی پێش شۆڕشی بە تەواوی لە ناو برد. سینەما کە بە هەموو لاوازییەکانیەوە خەریک بوو گۆڕانکاری بە سەردا دەهات و دەیتوانی بە یارمەتی ئەو ئەندێشە نوێیانە بەروە باشی بڕوات و رۆڵێکی گرنگی هەبێت، ئەو سینەما کە هێشتا خەریکی گر وگال بوو کەوتە دەست توندڕەوە ئیسلامییەکان و شەڕخوازەکان و ڕواڵەتێکی تون و تیژی پێ درا، بوو بە سینەمای شەڕ کە بە تەواوی سینەمایەکی پیاوانە بوو. پیاوان چەکیان لەاشان دەکرد و بەروە سنووری شەڕ وەڕێ دەکەوتن. ژنانیش کە بە تەواوی خرابوونە پەراوێزەوە تەنیا ڕۆڵیک کە لە فیلمەکانی ئەم سەردەمەدا هەیانبوو، رۆلی ژنی خانەنشین و فەداکار بوو کە خەریکی منال بەخێو کردن بوو و چاوەڕیی گەرانەوەی هاوسەرەکەی لە شەڕ بوو. ئەگەریش هەواڵی کۆژرانی هاوسەرەکەی ببیستایەت دەبوایەت وەک ژنێکی وەفادار تا کۆتایی ژیانی بە دیار منداڵەکانیەوە دابنیشتایەت. هەر لەم سەردەمەدایە کە فیلمەکانی پێس شۆڕشی ئیسلامی دەچنە ناو لیستی رەشەوە و

 تەنیا پیاوان ئەویش بە نهێنی ئەتوانن سەیری ئەو فیلمانە بکەن، واتە دیسان بڤەکان داوێنی ژنان ماچ دەکەن. پاش کۆتایی شەڕێش ئەگەر فیلمەکان باسی شەر نەکەن بەڵام ژن هەر ئەم کاراکتەرە قوربانیەیە کە ژنی­تر دیت بە سەریدا و هیچ پشت و پەنایەکی نییە مەگەر هاوسەر یان باوک و برا. ئەم پرۆسە بەردەوامە تا هاتنە سەرکاری محەمەد خاتەمی وەک سەرۆک کۆماری ئێران بەردەوامە. خاتەمی کە خۆی ئاخووند بوو بە دروشمی رێفۆرمەوە توانی دەنگێکی

 زۆر بە دەست بهێنێت. خەڵکی ئێران بە تایبەت جیلی نوێ کە هێشتا مانوویەتیان لە شەڕ دەرنەچوبوو و لە دۆخێکی زۆر قورس و داخراوی ئیسلامیدا گرفتار ببوون، تازە بە خۆیاندا دەهاتنەوە کە چ شۆڕشێکی وێرانگەریان کردوە، بۆیە بە هوژمەوە بەروە سندووقەکانی دەنگدان ڕۆشتن و خاتەمیان بە هیوای گۆڕانکاری هەڕبژارد. هەشت سال سەرۆک کۆماری خاتەمی و لابردنی هەندی یاسای توند و تیژ وەک کەم کردنەوەی سانسۆر لە سەر بەرهەمە فەرهەنگییەکان، دەرفەتێکی تازەی بۆ سینەماکاران رەخساند. هەر لەم چەند ساڵەدا هەندی فیلمی باش بەرهەم دێن کە دەتوانێت ژن لەو چوارچیوەی داخراوەی ماڵەوە دەرباز بکات. لەم سەر

دەمەدا رۆلی زۆربەی ژنان لە فیلمەکاندا خویندکاریە، پاشان مامۆستا و کەم کەم پەرەستار و پزیشکیش بە رۆڵی ژنان زیاد دەبیت. کاراکتەرەکانی ئەم ماوەیە ئیتر تەنیا ژنێکی فەداکار نییە کە بەردەوام عەبای لە سەردایە، ژنان خاوەن بڕیارن، خەبات دەکەن، سایەقی دەکەن و گوی لە مۆسیقا دەگرن. چەند فیلمێکی بە ناو بانگی ئەم سەردەمە بریتین لە: سوور[13]، ئاوازی قوو[14] شامی کۆتایی[15]، سەگ کوژی[16] و چەند فیلمێکی دیکە کە توانییان لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و دەرگایەکی نوی بەرەو ئەو سینەما داخراو و شتە بڤەکانی ناو سینەمای ئێران بکەنەوە. پێگەی کوردستانی ئێران لە سینەمای ئێران. کوردستانی ئیران بە هۆی دۆخی جۆگرافیایی کە هەشت سال شەڕی ئێران و ئێراق وزەیەکی زۆری لێ سەند و هەروەها دۆخی نالەباری سیاسی و دژایەتی حکوومەت لەگەل کورد، دەرفەتی ئەوەی نەبووە کە لەم بوارەوە خۆی بناسیت. لە مێژووی سینەمای ئێرانیشدا ئەگەر کەسێک توانیبێتی بڕواتە بواری کاری سینەماییەوە دەبوایەت لە چوارچێوەی ئەو سینەمایەی کە لە پایتەخت بووە خۆی دۆزیبێتەوە. هەولەکانی من بۆ دۆزینەوەی ئەکتەری کورد چ وەک ژن چ وەک پیاو تا ئێستا بی ئاکام بووە. بەڵا

م پاس شٶڕشێش ئەگەر کەسانێک بوون نەک وەک سینەماکاری کوردی بەڵکو لە چوارچیوەی سینەمای ئێرانیدا بووە کە توانیویانە بگەن بە خولیای هونەری خۆیان. قۆتبەدین سادقی وەک دەرهینەری تیاتر و ئەکتەری سینەما هومەرمەندیکی سەرکەوتوو بووە بەڵام دۆخی سیاسی و فەرهەنگی کوردستان ناتوانێت هەموو پێداویستەیک بۆ تاکێکی هونەرمەند دابین بکات تا ئەو کەسە بیەوێت وەک سینەماکارێکی کوردئەویش لە کوردستان کار بکات. قوتبەدین سادقیش بە پێێ خوێندنەوەکانی من هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی کار لە سەر سووژە کوردییەکان لە جۆگرافیای کوردستان بکات، بەڵام لە ئێران بە گشتی لە کوردستان بە تایبەتی ئەو بنەما کەلتوویانە کە دەبنە هۆی گەشە کردنی سینەماکارێک لەگەڵ کامێراکەی مۆزەفەرەدین پاشا نەهاتنە ئێران. وە لەم دواییانەش کە کەسێک وەک بەهمەن قوبادی بە پیناسەیەکی کوردیەوە هاتە مەیدان، بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی کوردستان تا ئێستا مەجالی ئەوەی پێێ نەداوە کە بتوانێت رۆڵی ژنی کورد بە شێوەیەک بخاتە بەرچاو کە هەم نوێ بێت و هەم شتی تازە فێری ژنی کورد بکات و هەرواهە دیمەنێکی تازەش بخاتە ناو سینەمای جیهانەوە، ئەڵبەت لە تەنیا دەرهێنەرێکیش ناتوانین چاوەڕوانی هەموو ئەم شتانەش بکەین، کە لە بەرهەمەکانی هەموو رەهەندێک بگونجێنێت، لەو چەند فیلمەش کە لە 

کوردستانی ئێران بەرهەمی هێنا، نەک ئەوەی ئەو ویستبێتی بەڵام سووژەکان ئەوەندە گرفتارن کە ژنیش ئەگەر رۆڵیکی تایبەتی بێت یان لە پشت دیواریکی بەرز زیندانە و یانیش ئەرکی ئەوەیە تەرمی پیاوێکی قۆربانی بە دوای خۆیدا را بکێشێت. کە ئەڵبەت ئەو ڕۆڵەش بە تەواوی لە ئەستۆی ژنە ئەکتەری کورد نییە. ئەم سینەمایەش کە لە رۆژئاوا سەری هەلداوە بە جیاوازیەکی تەواوەوە بە ڕێگەی خۆیدا دەڕوات و بەردەوام پێشاهەنگە. سینەمای ئێرانیش هێشتا نەیتوانیوە خۆی بگەیەنێتە ئاستێک کە لەم بوارەدا شتیک بە سینەمای جیهان زیاد بکات و جێگای خۆی لە سەرچاوە ئاکادیمییەکانی جیهان بکاتەوە. بریا مۆزەفەرەدین پاشا سەرەتا هەموو بنەما کەلتوورەکانی ئەو جەعبەی جادوویەی بناسیبایەت و بیتوانیبایەت لەگەڵ خۆی بیباتە ئێران. بەڵام دیارە نە بۆخچەکەی پاشا و نە کالسکەکەی جێگایەکی وەهایان بۆ هەڵگرتنی ئەو بارە قورسە بووە و خۆی و هاوسەفەرەکانی توانیویانە تەنیا بەشە سۆکەکەی لەگەڵ خۆیان ببەنە ئێران.

 

 

[1] - Les frères Lumière،

دوو برا بوون کە بۆ یەکەم جار لە

جیهاندا سینەمایان بە جیهان ناساند. 1895 [2] -سەرچاوە: https://www.aftabir.com/art/cinema/iran_history_cinema/entranceofcinema.php [3] -سەرچاوە: نگاهی به نقش زن در سینمای ایران تا دهه هفتاد، نیلوفر بیچایی، هەروەها گۆڤاری چیستا تیر و مرداد 1368 – شماره 59 و 60، https://www.noormags.com/view/fa/articlepage/8405/695/text [4] - سەرچاوە: نگاهی به نقش زن در سینمای ایران تا دهه هفتاد، نیلوفر بیچایی [5] - دختر لر، 1312 عبدالحسین سپنتا ، بەمبەئی [6] - https://fr.wikipedia.org/wiki/Rouhangiz_Saminejad [7] -کۆمپانی ئە؛پێریال لە هێندووستان بوو وفیلمی کیژی لۆر لەوێدا بەرهەم هێنرا [8] - https://ibnanews.com/vdch.qnxt23nmzftd2.html [9] - رگبار، یەکەم فیلمی درێژی بهرام 

بیچایی، 1351ی هەتاوی [10] - نووسابە ئەمیری، ژن لە ئاوێنەی فیلمەکانی بەیزاییدا… [11] - باشو غریبه کوچک، بهرام بیچایی، 1364ی هەتاوی [12] - https://en.wikipedia.org/wiki/Susan_Taslimi [13] - 1377- فریدون جیرانی- ئەکتەری سەرەکی هدیە تهرانی، محمدرچا فروتن [14] - 1379، دەرهێنانی سعید اسدی- ئەکتەری سەرەکی جمشید هاشم‌پور، بهرام رادان، ساره آرین [15] - 1380، فریدون جیرانی- ئەکتەری سەرەکی: کتایون ریاحی ، محمدرچا گلزار، هانیه توسلی [16] - 1379- بهرام بیچایی، ئەکتەری سەرەکی، مژدە شمسایی، مجید مڤفری، میترا حجار