بۆچی رێز لە بڕوای خەڵک بگرم؟

2010-10-02 22:30
 
 

شارستانیەتی ئێمە شارستانیەتێکە کە لە ناویدا ڕێز بۆ بڕوای یەک دادەنێین و بەڵام یەکتر دەکوژین. من نازانم ئایدیای رێز گرتن لە بڕوای یەکتر بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە لایەن چ کەسێکەوە هاتووەتە مەیدان؟ هەروەها نازانم مەبەست لە رێز گرتن لە بڕوای کەسانی¬تر بە چ مانایەکە؟ ئایا ئەگەر ئێوە بڵێن کە بڕواتان وایە کە رۆژ بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە من دەبێت بڵێم “باشە! دۆستی بەڕێز، من رێز لە بڕواتان دەگرم؟” بەڵام ئەمە ئەو شتەیە کە من نایڵێم. من لە باتی ئەوە دەڵێم لەگەڵ هەموو رێزم بۆ کەسایەتیتان، بەڵام ئایدیاکەتان هەڵەیە و ئەگەر بە پێى تەواوی ئەو بەڵگانەی کە دژ بەسەلماندنى ئایدیاکەتان هەن ئێوە بە بێ هۆ بەردەوام بن لە بۆچوونەکەتان، دەڵێم لەگەڵ تەواوی ڕێزم بۆ کەسایەتیتان، بەڵام ئایدیاکەتان دەربارەی ئەوەی کە رۆژ بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە گەوجانەیە. ئەمە بەو مانا نییە کە ئێوە گەوجن، بەڵکوو تەنیا بەو مانایە کە ئێوە ئایدیایەکی گەوجانەتان هەیە.بەڵام ئێوە هەڵاوێرێک نین. تەواوی ئێمە ئینسانەکان ئایدیای گەوجانەمان هەیە. کاتێک کە مەسەلەی رێزگرتن لە ئایدیا و بڕوای کەسانی¬تر دێتە ئاراوە، ئێمە دەبێت چی بکەین؟ ئایا ئەگەر کەسێک بڵێت کە بڕوای وایە ئەگەر زەهری سیانۆر بخوات بەختەوەر دەبێت، ئێمە دەبێت بڵێن رێز لە بڕواکەی دەگرین؟ باشە، کەواتە ئێمە یارمەتی دەدەین کە نەزانکارانە خۆی بکوژێت. لە دادگاشدا هیچ کەس رێز لە بڕوای کەسی¬تر ناگرێت، بەڵکوو بڕواکان لە دادگا دەخرێنە بەر رەخنەوە. ئەگەر کوشتنێک ئەنجامدرابێت و کەسێک وەک شایەت هاتبێتە نێو دادگا و بیەوێت بە قازانج یان دژی کەسێک شایەتی بدات، دادوەر تەنیا بە قسە قنیات ناکات، بەڵکوو بەدواداچوونەوەی گۆڤاکان و درووستی و نادرووستی شایەتییەکە دەکات. ئەگەر بە پێچەوانەی تەواوی بەڵگەکان کەسێک لە دادگا بڵێت بڕوای وایە کە فڵان کەس بکوژە یان نە، دادوەر لەگەڵ رێزی بۆ هەمووان، وتەکەی ئەو کەسە بە پێچەوانەی گۆڤا مەوجوودەکان بە راست بەرداشتی ناکات. ئەگەر لە کۆنفرانسێکی فیزیا کەسێک بڵێت بڕوای وایە کە ئلیکترۆن وجوودی نییە، بیرمەندانی فیزیا بۆ رێزلە بۆچوونی ئەو کەسە خێرا ئەو بۆچوونە نانووسنە نێو کتێبە دەرسییەکان.مەسەلەی رێز گرتن لە بڕواکانی خەڵک کاتێک دێتە ئاراوە کە باسی بڕوا ئایینییەکان دێتە مەیدان. هەندێ کەس پێیان وایە کە بڕوا ئایینییەکان لەگەڵ ئایدیا زانستییەکان جیاوازن. ئەوانە بەڵگە دەهێننەوە کاتێک کە کەسێک بڕوای بە ئایدیایەکی مەزهەبی هەبوو دەبێت رێز لە بڕوا مەزهەبییەکانی بگرین. ئەمانە تەنانەت بۆ ئەوەی لە دەست گۆڤا زانستییەکانیشەوە هەڵبێن بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زانست و ئایین دوو شتی جیاوازن و لە ناوەڕۆکەوە جیاوازیان هەیە و هەرکام یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە. لە نیسانی ساڵی 2006 لە رۆژنامەی American Heart Journal بابەتێک دەربارەی ئاکامەکانی تاقی-کردنەوەیەک بڵاو کرایەوە کە کاریگەری دوعای لە سەر تەندروستی خەڵک خستبووە بەر لێکۆڵینەوە. ئاکامی تاقی¬کردنەوەکە ئەوە بوو کە دوعا کردن هیچ کاریگەریەکی لە سەر سڵامەتی ئینسانەکان نییە. بەڵام Richard Swinburne لە حەوتی نیسان لە رۆژنانەی Science and Theology News نووسیبووی کە خوداوەند بەم جۆرە دۆعاگەلە وڵام ناداتەوە، بەڵکوو هەرکات کە هۆکارێکی باش وجوودی هەبێت وەڵام دەداتەوە. ئەم بابەتە دەتوانن لەم ناونیشانەدا بخوێننەوە (https://www.stnews.org/Commentary-2772.htm). ئێستا ئەگەر من بڵێم بەڕێز Richard Swinburne لە هەڵەدایە ئایا بێ¬رێزیم پێ کردووە؟ ئەگەر کەسێک لە بابەتێکی زانستیدا نیشان بدات کە بۆ نموونە نیوتن هەڵەی کردووە و فڵان بۆچوونی دەربارەی جیهان هەڵەیە ئایا بە نیوتن و لایەنگرانی بێ¬رێزی کردووە؟ لەوانەیە کەسێک بڵێت دەتوانین دەربارەی دروستی و نادروستی بڕوا زانستییەکان قسە بکەین بەڵام دەبێت رێز دابنێین بۆ بڕوا ئایینییەکان. لەم بارەوە دەبێت سەرنجی ئەو تیۆریانە بدەین کە لە ئاستی ئاکادیمای جیهانی ئەمڕۆدا پەسەند کراون. تۆماس کوهن لە ساڵی 1962 کتێبێکی نووسیوە بە ناوی “پێکهاتنی شۆڕشە زانستیەکان” یان ” The Structure of Scientific Revolutions ” کە لەوێدا نیشانی داوە کە زانست بەو شێوە و تا ئەو کاتەی کە بیری لێدەکرایەوە سرشت و ماهیەتێکی تایبەتی نییە. بەم مانایە کە دەتوانین لە نێوان بڕوا ئایینی و زانستییەکان تایبەتمەندییە هاوبەشەکان بدۆزینەوە. میشێل فۆکۆ لە کتێبی “Knowledge and Power”و هەروەها لە کتێبی “Caring and Punishment” دەریخستووە کە تەنانەت دەسەڵاتی سیاسیش لە بناغەی زانست و پێناسە و گۆڕانیدا رۆڵی هەبووە. پۆل¬فایرابند لە کتێبی “Against Method” نیشانی داوە کە رەوشتێک کە سرشتی زانستی هەبێت و شێوەگەلی بەرهەمهێنانی گوزارە و باوەڕی سرشتی جیاوازی هەبێت، وجوودی نییە. (مایکڵ کووش) لە کتێبەکەیداکەیدا بە ناوی “Knowledge by Agreement” نیشانی داوە کە چۆن یەکگرتنەوەی بەکۆمەڵی ئێمە لە بەرهەمهێنانی مەعریفەی زانستی رۆَڵی هەیە. هەندێک لەمانە بۆ پاساوی بڕوا ئایینیەکانی خۆیان کەڵک ¬وەردەگرن. ئەوانە بەڵگە دەهێننەوە کە ئەگەر ئەم خاڵە ناوبراوانە راست بێت ئیدی هیچ ناسینێکی عەینی Objective وجوودی نییە و مەعریفەی دینی وەکوو مەعریفەی زانستی قەبوڵ دەکرێت و ئەو بایەخەشی هەیە. بەڵام ئەم بۆچوونە تێگەیشتنێکە لە ئاستێکی نزم لەو بۆچوونانە کە باسمان کرد. رواڵەتێکیتر ئەوەیە کە ئەگەر مەعریفەی زانستی و ئایینی (وای بۆ دادەنین کە مەعریفەیەک بە ناوی مەعریفەی ئاییینیش هەبێت) لە یەک دەستە بن، ئەوکات دەبێت ئەوانیش لەو پرسیارانەی کە بۆ مەعریفەی زانستی بەکار دەبرێن، سەرکەوتوو بێنە دەر و ئەگەر شکستیان هێنا، رەد بکرێنەوە. کاتێک کە کەسێک وەک (کوهن) دەڵێت کە مەعریفەی زانستی ئێمە بە مانا نەریتیەکەی “عەینی بوون” عەینی نییە، مەبەستی ئەوەیە کە مەعریفەکانی ئێمە موتڵەق نین بەڵکوو ڕێژەیین. بەڵام ئایین ئەم خوازە قەبووڵ ناکات. مەعریفەی دینی بە خواستی خاوەنداریەتی ئەم جۆرە مەعریفە، موتڵەق و بێ¬عەیب و عارە. جێگیر نەبوونی مەعریفەی زانستی بەم مانا نییە کە ئەوانە نادروستن بەڵکوو بەو مانایە کە ئەوانە لە درێژەی زەماندا تووشی گۆڕان دەبن؛ هەروەهاش کە بوون. بەڵام خاڵی سەرسوڕهێنەر لە جیاوازی مەعریفەی زانستی و دینی لەوەدایە کە زانست خوازێکی نسبی هەیە بەڵام بەو حاڵەشەوە فیزیازانانی جیهانی هەموو بە یەک شێوە لە فیزیای نیوتنی تێدەگەن و پێکەوە دەربارەی ئەوە جیاوازی بیروڕایان نییە. ئەوان لە ئاستە زۆر بەرزەکانی ئەم زانستەدا پێکەوە جیاوازی بیروڕایان هەیە، بەڵام دەربارەی ئەوانە پێکەوە وتووێژیان هەیە و بە نووسینی بابەت و بە شێوێکی ئازاد لە کونفرانسەکاندا بەشداری دەکەن و سەرئەنجام یەک یان چەند بۆچوون پەسەند دەکرێت. بەڵام دژایەتی لەگەڵ ئەو بووچوونانە مەرگی بە دواوە نییە. بەڵام لە بەرانبەر ئاییندا دۆخەکە بە پێچەواەنەوەیە. ئایین بانگەشەی موتڵەق بوونی هەیە، بەڵام ئێوە ناتوانن لە نێوان دیندارانی سەرانسەری جیهاندا تەباییەک ببیننن، تەنانەت بۆچوونی موسوڵمانێک و مەسیحیەک دەربارەی خودا جیاوازە. دینداران بۆ سەلماندنی خوازەکانی خۆیان پێکەوە شەڕ دەکەن. ئەمڕۆکە “القاعدە” و “ئەنسارولئیسلام” و لە ڕابردوودا شەڕەکانی خاچی سوور و هەزاران شتی لەو بابەتە. خاڵێکی سەیرتر ئەوەیە کە پێکهاتن لە نێوان ئەوانەی بۆچوونەکانیان بە نسبی دەزانن زۆرترە لەوانەی کە خوازی موتڵەق بوونیان هەیە. لەگەڵ هەمووی ئەمانەدا پرسیار دەکەم “رێزگرتن لە بۆچوونەکانی کەسانیتر مانای چییە؟” ئەگەر رێزگرتن لە بڕوای ئەویتر بەو مانایە کە هەرکات کە من هەر ئایدیایەکم لە هەر کەسێک بیست، دەبێت چاوپۆشی بکەم لەو هەڵانەی تێیدا دەیبینم و بەو کەسە بڵێم “بەڵێ! من رێزم هەیە بۆ بۆچوونەکانتان” بەڵام من دەڵێم “من هیچ رێزێک لە بڕوای هیچکەس ناگرم، من رێز لە کەسایەتیەکان دەگرم و رەخنە لە بۆچوونەکانیان دەگرم. ئەگەر بڕوایەک هەڵە بوو، ئەوا هەڵەیە، تەنانەت ئەگەر ئایینیش بێت. زانست و دین سنووری سروشتیان نییە، بۆیە بڕوا ئایینیەکانیش دەبێت رەخنەی لێ بگیردرێت.

تێبینی: ئەم بابەتە لە رۆژنامەی میدیا ژمارە 352 بڵاو بوەتەوە