وتوێژی گۆڤاری "کۆوار" سەبارەت بە رێکخراوەکانی ژنان

2010-04-03 00:47
 
 

April 3, 2010

 

 

وتووێژی گۆڤاری “کۆوار” لەگەڵ نارین

کۆوار: لەناوخۆی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و لە وڵاتی ئێران بەگشتی شتێک هەیە ناوی بزوتنەوەی فیمینزم بێت و دژ بەو نابەرابەری و چەوساندنەوەیە بووەستێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە بوونی هەیە؟

نارین: وەکوو بزووتنەوە بەڵی رەوتێک سەری هەڵداوە و تا رادەیەکیش کاریگەری لە سەر وشیاری چینێک لە خەڵک داناوە. ئێستا هەر کەسەو بە پێی هەڵسنگاندنی خۆی ناوی دەنێت فیمینیزم یان هەر شتێکی تر. کێشەی سەرەکی لە ناو ئێران یەکەم کەلتوورە و دووهەم دەسەڵات. ئەو کەلتوورە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت و دیکتاتۆرییەتیش پەرە دەدات بە جیاوازی جێندەری و توندو تیژی و ئەم بارودۆخەی کە ئێستا زاڵە بەسەر ئێراندا. بەڵام هەر لە ناو ئەم سیستەمەش دا ژنان هەوڵی خۆیانیان داوە بۆ ئەوەی فشارێک دروست بکەین بۆ ئەوە گۆڕان بە سەر ئەو یاساگەلەدا بێنن کە دژی ژنانە. بەڵام بە داخەوە دەسەڵات لە بەرانبەر ئەم جووڵانەدا زۆرتر لە هەمیشە دژەبەرانەتر رەفتار دەکات و یاساکانی توندتر کردووەتەوە. دەسەڵات بە هۆی ئەو باروو دۆخە نالەبارەی رەخساندوویەتی پەرەیەکی زۆرتری بە کوشتن و بڕین و توندو تیژی داوە. بە داخەوە زۆر جاریش بزووتنەوەکان ئەوەندە کە توانیویانە ناوبانگی جیهانی دەربکەن و سەرنجی جیهان بە لای خۆیانا رابکێشن نەیانتوانیوە لە ناوخۆ کاریگەر بن، ئەویش بەبۆنەی ئەوەیە کە زۆربەی وزەکەیان تەرخان کردووە بۆ فشار هێنان بۆ دەسەڵات نەک وشیاری کۆمەڵایەتی.

کۆوار: لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی چەندین رێکخراو و دامەزراوە و سەنتەری داکۆکیکردن لەژنان، وێڕای بانگەشەکردن بۆ بزوتنەوەییەکی فیمینزمی، کەچی وەک دەبینرێت رۆژ نییە چەندین ژن نەبنە قوربانی رەفتاری کۆنەخوازانەی دەستی پیاوسالاری و تێڕوانینی پاشکەوتوانەی کۆمەڵ.. بە بڕوای بەڕێزتان چی و کێ لەم دۆخە بەرپرسیارە؟.. یاسا، ئاین، تێڕوانینی ناتەندروستی کۆمەڵگا، ناکارایی خودی رێکخراو و دامەزراوەکانی ژنان.. یان خەمساردی دەسەڵات؟

نارین: بە بۆچوونی من ئێمە ناتوانین هیچ جۆرە گۆِرانێک لە دەرەوە بسەپێنین بە سەر هیچ کۆمەڵگا یان سیستەمێکدا. بۆ نموونە ئەگەر خەڵکی ناوخۆی وڵاتێک ئەوەندە کەلتووریان گۆڕانی بەسەدا نەیەت کە خۆیان پێَشوازی لە هەندێ یاسا بکەن ناتوانن تەنیا بە دانانی یاسا و سیستەمی بە رواڵەت دیموکراتیک پێشگیری لەم جۆرە گرفتانە بکەین. بۆ وڵامی سەرتای ئەم پرسیارە دەتوانم بڵێم هەموو ئەمانە بەرپرسیارن و ئەشتوانم بڵێم باشترە خوێندنەوەیکی قووڵی مێژووییش لە سەر بنەما و ریشەی ئەم کێشانە بکەین. بە بۆچوونی من ئەم گرفتانە لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا شتێکی نوێ نییە. بەردەوام بوونی هەبووە. بەڵام ئێستاکە لەبەر بوونی میدیا و رۆژنامە و رادیو و هتد، هەواڵی بۆ نموونە توند و تیژی و خۆسووتان و ئەم جۆرە کێشانە زووتر بڵاو دەبێتەوە. وە خالێکیتر رێژەی دانیشتوانی شارەکانە. ئەمە شتێکی سەیر نییە کە لەگەڵ زیاد بوونی رێژەی خەڵک کێشە کۆمەلایەتییەکانیش زیاد دەبن.سەبارەت بە رێکخراوەکانیش، لەبەر نەبوونی ئەزموونی کاری رێکخراوەیی لە کوردستان و نەزانکاری رێکخراوەکان، خەڵکیش زوو باوەڕیان بە کاری رێکخراوەکان لە دەست دەدەن. بو ماوەیەکی کورت و لە بەر نوێ بوونیان خەڵک پێشوازییان لێ کردوون، بەڵام پاش ماوەیک کە بینیویانە ئەوانەی لەو رێکخراوانەدا کار دەکەن شارەزاییان لە گرفت و چارەسەرییەکان نییە، ئیتر ناتوانن متمانەیان پێ بکەن.

کۆوار: ئەو غەدرە گەورەیەی لە کۆمەڵگای کوردیدا لە لایەن پیاوەوە لەژن دەکرێت، لەسەر ئاستی میدیا و ناوەندەکانی داکۆکیکردن لە ژنان و کۆمەڵیش چ کاردانەوەیەکی لەسەر سومعەو ناوبانگی ئەو میللەتە دروستکردووە، بۆنموونە وەک میدیاکان ئاماژەی بۆ دەکەن زۆرجار پیاوی کورد لە تەنانەت لە ئەوروپاش قبوڵی نییە کچ یان خوشکەکەی ئارەزوومەندانە هاوسەری ژیانی هەڵبژێرێت.. یان کەسێکی خۆشبووێت، ئەم دۆخە چۆن دەبینیت؟

نارین: بەڵێ لە ئەورووپا بە چاوێکی ترەوە سەیری ئێمەگەل دەکەن. بۆ ئەوەی رێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێمە لە دەست ئەو کەلتوورەی کە لە کۆمەڵگاکەی خۆی زاڵە، هەڵدێت. بەڵام کە دێتە ناو کۆمەڵگای رۆژئاواییش پێشوازییەکی لێ ناکرێت. پێویستە هەوڵیکی زۆر بدات بۆ ئەوەی بەم سیستەمە و بەم خەڵکە بیسەلمێنێت کە ئەمیش جیاوازییەکی لەگەڵ تاکێکی ئەرووپایی نییە. بۆیە ماندوونەبوونێکی زۆری دەوێت. لە لایەکی تریشەوە هەندێ تایبەتمەندی لە کەلتووری تاکەکاندا هەیە کە ئەگەر بڕۆنە ئەستێرەی مانگیش لەگەڵ خۆیان دەیبەن. ئەگەر برَیار بێت تاکێک گۆڕان لە خۆی و چۆنیەتی ژیان و فکریەتیدا بەدی بێنێت، ئەگەر نەتوانێت لە کۆمەڵگاکەی خۆیدا بە دی بێنێت لە هیچ کوێی دونیاشدا ناتوانێت ئەم کارە بکات. بۆیە دەبینین لە هەندەرانیش ئەم شتانە روو دەدات، هەر وەک چۆن لە ناوخۆی کوردستان یان ئێران و هتد. ئەمەش کە کەسێک ناهێڵێت خۆشک یان کچەکەی بە ئارەزووی خۆی هاوبەشی ژیان هەڵبژێرێت پێویستی بە لیکۆڵبنەوەیەکی مێژووییە. لە راستیدا پیاوی ئێمە بۆی زۆر سەختە کە بیهێنێتە پێش چاوی خۆی کە خۆشک یان کچەکەی لەگەڵ پیاوێک خەریک ئەوینداری و چێژ وەرگرتن لە ژیان و پێوەندییەکەی بێت. ئەمەش دەگەرَێتەوە بۆ کەلتوورێکی کۆن کە لێرەدا جێگای باس نییە. ژن و پیاوی کۆمەڵگای ئێمە بە یەک شێواز پەروەردە دەکرێن. ئەمە تەنیا پیاو نییە کە حەز بە کونترۆڵ کردنی ژیانی کەس و کارییەتی. زۆربەی ئەو ژنانەش کە دەسەڵاتیان هەیە بەم جۆرە رەفتار دەکەن.

کۆوار: وەک دەبینین لە سایەی رژێمی ئێراندا رۆژ نییە هەڵسوڕاو و رۆژنامەوان و کەسانی ئازادیخواز رووبەرووی گرتن و ئەشکەنجەدان و تا دەگاتە لەسێدارەدانیش نەبنەوە، ئێوە لە رێی نووسین و هەوڵەکانتان تا چەند توانیووتانە ئەو زوڵم و ستەمە بۆ جیهانی دەرەوە ئاشکرا بکەن و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێ وەدەنگ بێنن و فشار دروست بکەن؟

نارین: منیش وەک چالاکێکی کورد و وەکوو زۆربەی ئەوەانەی لەم بوارەدا کار دەکەن هەوڵی خۆمداوە سەبارەت بەو گرفتانەی کە خەڵکی کورد بەردەوام رووبەڕووی دەبێتەوە بە ناردنی هەواڵ و وتار و لێکدانەوە و پێوەندی لەگەڵ ناوخۆ و لەگەڵ رێکخراوەکانی دەرەوە، ئەم گرفتانە بگێننە گوێی هەموو جیهان. بۆیە دەبینین فشارەکان لەسەر دەوڵەتی ئێران بەردەوام لە زیادبووندایە. ئەم فشارگەلە تا رادەیەکی زۆر دەوڵەتی ئێران بەرەو فەلەج بوون دەبات. ئەڵبەت تەنیا ئەمانە تاتوانێت کاریگەر بێت؛ چونکوو ئەمە خودی خەڵکن کە ئەبێت هەوڵ بدەن فشار بۆ دەوڵەت بێنن بۆ ئەوەی گۆڕان دروست بێت. خەڵکی ئێمە بە داخەوە هەمیشە چاو لە دەستی وڵاتانی ئەرووپا و ئەمریکان کە بچنە هانایانەوە و لەم بارودۆخە رزگاریان بکەن. ئیتر با بمێنێت کە ئەوانیش ئەزموونی خۆیان لە وڵاتانی دراوسێ نیشان داوە و پشتیوانی لە سیتەمێک دەکەن کە بە قازانجی خۆیان بێت. ئەوان بەرژەوەندی وڵاتانی خۆیان ناکەن بە قوربانی ئێمەگەل. ناوەندەکانی مافی مرءڤیش بەو رادەیەی کە لە دەسەڵاتیاندا هەبێت، کاری خۆیان دەکەن. بەڵام لە راستیدا ئەمە خودی ئێمەین کە ئەگەر بمانەوێت دەتوانین لێکدانەوەیەکی دروست لە بارودۆخەکە بخەینە بەردەست و قسەی لەسەر بکەن.