هێشتا پیاوسالاریی کەلتووری هەموو دونیایە

2012-10-08 00:43
 
 

سازادانی: پایزە ئەحمەد،  ماڵپەڕی ئەمڕۆ

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

نارین محەمەدی: وڵامدانەوە بە پرسیارێکی وەها بە بێ ئەوەی زانیارییەکی قووڵمان لە سەر مێژووی مرۆڤ هەبێت وەها ئاسان نییە. هەر کام لەم دوو لایەنە کە ئاماژەتان پێ کردوە بە تەنیایی جێگەی لێکٶڵێنەوەی مێژووییان هەیە. گەڕان بە دوای کاریگەرییەکان سروشت بە سەر سروشتی مرۆییەوە، گەڕان بە دوای سەرچاوەکانی دابونەریتە جیاوازەکان و هاوشێوەکان لە شوێنە جیاجیاکانی سەر زەوی هەر کامە و پێویستی بە لێکٶڵینەوەیەکی قووڵی چەند ساڵەیە کە بە داخەوە بۆشاییەکەی لە کوردستان زۆر دیارە. بە رای من وڵامی ئەم پرسیارانە کە بەردەوام دووپات دەبنەوە نادۆزینەوە تا ئەو کاتەی بیر لە پێداچوونەوەیەکی مێژوویی لە سەر ژیان و نەریتەکانی کۆمەڵگەکەمان بە شێوەیەکی زانستیی نەکەینەوە. بۆیە راستییەکەی منیش نامەوێت بڕٶم بە دوای لێکدانەوەی فەلسەفییدا بۆ قسەکردن لە سەر ئەم پرسیارە.

پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟

نارین محەمەدی: من پێشتر ئەم پرسیارەم زۆر دەپرسی، بەڵام تا ئێستاش وڵامێک کە بتوانێت رازیم بکات نەدۆزیوەتەوە. بە راستیی ناتوانین بڵێین کام لا پتر سووچبارە. ئەم ژیانەی کە بوونی هەیە تەنیا مرۆڤ تیایدا (دەخیل) نەبووە. هەموو ئەو گیانلەبەر و بێ گیانانەی کە لەسەر ئەم زەویە بوون و هەن کاریگەرییان لە سەر ژیانی یەکتر داناوە. سارد و گەرمبوونی هەوا، فرە و کەمبوونی ئاو، بوون و نەبوونی پێداویستییەکانی ژیان لە هەر جۆگرافیایەک، بوون و نەبوونی کێو، زەریا و بیاوان و دوور و نزیکبوون لە هێرشی خەڵکانی بیانی و زۆر (پارامێتری)تر کاریگەریی تایبەتی لە سەر چۆنیەتی فۆرمگرتنی کەلتوور و دابونەریت و شێوازی دین و ئاین داناوە. لەم کاتەدا تەنیا شتێک کە بە رواڵەت دیارە ئەوەیە کە ژن بوونەوەرێکی ستەملێکراوە لەوانەشە لە درێژایی ئەم هەموو ستەمکارییە بڵێن ژنانیش سووچبارن و لەگەڵ پیاو بە یەک ئەندازە لە بیرۆکە و کرداری پیاوسالارانە بەشدارن. ئەڵبەت ئەمە تایبەت بە کوردستان نییە. هێشتا لە هەموو دونیادا کەلتوور، کەلتووری پیاوسالارانەیە. بەڵام ئەوەی کە زەقە هێشتا ئەم کەلتوورە رۆڵی سەرەکیی لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی دەگێڕێ. ئێنجا چارە چییە؟ئەمەش پرسیارێکی سەختە لە کاتێکدا کە نازانم ریشەی ئەم کێشە گەورەیە چییە! تەنیا شتێک کە ئەتوانم بیری لێ بکەمەوە ئەوەیە کە بۆ چارەسەری پێویستمان بە چەندین مێکانیزمی گرنگە کە من هەموویان ناناسم. لەوانەیە بتوانم بڵێم لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە چالاکان و دڵنیگەرانانی ئەم بوارە بەردەوامن بۆ زانیارییدان سەبارەت بە هەبوونی ئەم کێشانە، پێوستمان بە لایەنێکیترە کە تەنیا کاری گوشار خستنەسەر دەسەڵات بێت بۆ سزادانی ئەوانەی پەرە بە توندوتیژیی ئەدەن. پێم وایە کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە نیگەرانی بارودۆخی نالەباری ژنانن تەنیا کارێک کە ئەیکەن قسەکردن و باسکردن لە خودی تەوەری توندوتیژیی و ژنانە، لە کاتێکدا کە هەر ئەم کەسانە ئەتوانن وەک چەندین گرووپی راشکاوانە هەر کامە و کارێک بکەن. بۆ نموونە گرووپێک هەوڵ بدات گوشارەکان بۆ وەدەستهێنانی دەزگایەکی دادوەریی بێ لایەن زیاد بکات، گرووپێک هەوڵ بدات رەخنە و گوشارەکان بخاتە سەر پەروەردە و ناوەڕۆکی وانەی قوتابخانەکان، پێوەندیی بەردەوامی بنەماڵەکان لەگەڵ قوتابخانەی منداڵەکانیان، گوشار خستنەسەر نەخۆشخانەکان بۆ تەرخانکردنی باشترین پێداویستییەکان بۆ دایکان و ژنان و کچان و زۆر کاریتر، واتە ئەمانە ماندووبوونی زۆری ئەوێت کە لایەنێکی گرنگیشی کە کەم کەس ئامادەیە کاری لە سەر بکات، خوێندنەوەی قووڵە لە سەر ریشەی ئەو کێشانەی ئەمرٶ زاڵن لە ناو ئەم کەلتوورەدا. واتە ئەبێت کەسانێک بە راستیی ئامادە بن بە شێوەیەکی درێژخایەن و بێ هیچ پەلەیەک خوێندنەوە لە سەر ئەم تەوەرە بکەن. هەروا زۆر کاریتر ئەتوانێت بکرێت کە بە بڕوای من گرینگترینیان فەرامۆشنەکردنی دونیای ئەو منداڵانەیە لە ئێستادا خەریکە گەورە ئەبن و بڕیارە ئەوان داهاتوویەکی جیاواز و شادیان بێت.

پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟

نارین محەمەدی: هەروا کە لە سەرەوە باسم کرد یەک لایەن سووچبار نییە. بەڵام لە باری ئێستادا کە دەسەڵات ئەتوانێت گاریگەریی زۆر لە گۆڕانی هەندێ یاسا و رێسای کۆندا دابنێت پێم وایە کەم کار ئەکات لەم بارەوە. هەرچۆنی بێ ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدان بەم دابونەریتە گەورە بوون. ئەبێت هەوڵ بدرێت بەم دەسەڵاتدارانە نیشان بدرێت کە نەمانی ژنکوژیی و توندوتیژیی قازانجێکی تایبەتی تێدایە بۆ ئەوانیش. واتە تایبەتمەندیی دونیای دەسەڵات ئەمەیە کە بۆ ئەوەی هەنگاوێک بۆ گۆڕێنی شتێک بەرەو باشبوون هەڵبگرن ئەبێت سەرەتا بۆیان دەرکەوێت کە ئەو هەنگاوە چەندە قازانجی تێدایە بۆ ئەوان. هەرچۆنی بێ ئەبێت بزانین کە زۆربەی ئەوانەی لە هەموو دونیا دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە مرۆڤی رۆشنبیر و فەیلەسۆف نین. لایەنی رۆشنبیریی لەگەڵ ئەوەی بە پێوەندیی لەگەڵ خەڵک بەردەوام رەخنە دەگرێت، پێم وایە بۆ قسەکردن لەگەڵ دەسەڵاتدار دەبێت لە تاکتیکێکی جیاواز کەڵک وەربگرێت.

پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

نارین محەمەدی: .......... .

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

نارین محەمەدی: منیش لە ناو دابونەریتێکی کۆندا پەروەردە بوومە. زۆر جار ئازارم بینیوە و نەمزانیوە چ رێگاچارەیەک ئەتوانێت لەو بارودۆخە رزگارم کات. هەندێ جار مرۆڤ وا ئەزانێت مەحکوومە بەوەی لەگەڵ ئەو جۆرە ژیانە رابێت و ناتوانێت هیچ شتێک بگۆڕێت. بەڵام نائۆمێدنەبوون و بیرکردنەوە لە داهاتووی خۆش باشترە لە قەبووڵکردنی ئازار. سەبارەت بە ئێستاش ناتوانم بڵێم چەندە مرۆڤێکی ئازادم. داهاتوو ئەمە دەرئەخات. زۆر جار دەبینم منیش وەکو تاکێک کە زۆر بەرەنگاری کۆنەپەرستیی بوومەتەوە خۆم بەری نەبوومە لە کۆنەپەرستیی. من لەگەڵ ئەو شتەی شەڕم کردوە کە لە دەروونم دا بووە. ئەوانەی دەوروبەرم هەموو ئاوێنەی دەروونی من بوون بۆیە دژیان خەباتم کردوە. باوەڕم وایە کە دوو شت بەردەوام لەگەڵ یەک دژن واتە ئەو دوو شتە وەکو یەکن جیاوازییەکە کاتێک دەرئەکەوێت کە هەر کام لەم دوو لایەنە بە سەر ئەویاندا سەرکەوێت. بەڵام یەک شت کە بە لامەوە گرنگە ئەوەیە من خۆیشم بە بەشدار ئەزانم لەم هەڵومەرجە نالەبارە. هەرچەند خۆم بڕیارم بۆ ئەوەی بێمە دونیا نەداوە.