قەقنەز-Qeqnez
خۆشەویستیت بەرزترە لە باڵای من
لێم گەڕێ
ناتوانم بەم لووتکەدا سەرکەوم
لێم گەڕی با
لەشم بە ئارامی راکێشم
پەنجەکانم لە پرچم گیر دەم و
نەوازشتی جێ پەنجەکانت کەم
با دەست بە جێ ماچەکانتا بهێنم
لێو لە سەر لێوم
ماچ بە جێ ماچتەوە بکەم
باوەش بە لەشمدا بکەم و
لاسایی ئەوینداریت کەمەوە.
ئەی بەرزترین خۆشەویستی
هەموو رۆژێک باوەش بۆ مەرگی خۆم دەگرمەوە
هەموو رۆژێک خۆم بە خاک دەسپێرم و
دەم بە لاواندنەوەی قەقنەزەوە
خۆم دەهێنمەوە دونیا.
نەتزانی،
نەتزانی چۆن زگم پڕ دەبوو
کە پاش هەر هەناسەیەکت،
تووی خۆشەویستیم لێت دەدزی و
تۆ !
ئەمما
دۆئێلت لە سەر ئەم چەتە نامۆیە دەکرد.
ئێستا کە براوەی
لێم گەڕێ
بەرگەی ئەم هەموو ئەوینە ناگرم
لێم گەڕێ با
لەشم بەرم بۆ مردەشۆرخانە
ئەمڕۆش دەبێت هەر خۆم،
خۆم بنێژم.
19/04/2015
13:30