“ئێمه راهاتووین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌س شیعر به باڵاماندا بڵێن”
چوارشه‌ممه، ۶‌ی ژانویه‌ی ۲۰۱۰
سازدانى: شۆڕش غه‌فوورى
نارین محه‌مه‌دی، له‌دایکبووی ساڵى 1983ـى شاری مه‌ریوان، ده‌رچووی به‌شی شێوه‌کارییه و له ساڵی 2004 کۆمه‌ڵه شیعرێکی به زمانى فارسی به ناوی “سکوت خاکستری” چاپ و بڵاو کردووه‌ته‌وه. ماوه‌ی شه‌ش شاڵه وه‌ک چالاکی مافی مرۆڤ، چالاکه و ئه‌ندامی رێکخراوی ژنانی مه‌ریوان بووه. ئێستاش ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران ـ نۆروێژه و هه‌روه‌ها به‌رپرسی به‌شی فه‌رهه‌نگى کۆمه‌ڵه‌ی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێرانه. نارین، نهۆ به‌رده‌وامه له شیعر و کارى ئه‌ده‌بی. بۆ دوان له‌مه‌ڕ شیعر وه‌ک ژانرێکى تایبه‌تى ئه‌ده‌بییات، ئه‌م دیمانه‌یه‌مان ساز دا:شۆڕش: ئه‌یلوولى 1964 ئه‌حمه‌دى شاملو، له نامه‌یه‌کیدا که بۆ ئایدا نووسیویه‌تى، ده‌ڵێت: “بۆم بنووسه که ده‌زانى ئه‌م بێده‌نگی و هه‌ڵدێره، له‌دایکبووى ژیانى نێو ئه‌و زیندانه‌یه که هى ئێمه نییه، که ئێمه خاوه‌نى نین، که شیاوى ئێمه نییه”، باشه بۆچى شاعیر زۆرجار ده‌بێته که‌سێکى خاوه‌ندار و زۆرجاریش که‌سێکى بێ شوێن و زه‌مه‌نه، ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ى دووفاقییه‌وه یا کاریگه‌رى هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌کانى که‌سایه‌تى شاعیره؟نارین: ئه‌م دووفاقییه‌ی که شاعیر و، له راستیدا هه‌ر بیرمه‌ندێکیش که خۆی له به‌رانبه‌ریدا ئه‌بینێت، کاریگه‌ری هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ی له‌سه‌ره. هه‌م چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی شاعیر، هه‌م بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی. شاعیر هه‌م خاوه‌نی زۆر شته و هه‌میش له‌م جیهانه‌دا پێگه‌یه‌ک بۆ خۆی نادۆزێته‌وه، به‌ڵام بۆچی هه‌ندێ جار شاعیر پێی وایه که له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه نامۆیه؟ من که پێم وایه دوو هۆکاری هه‌بێت:ـ یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆنیه‌تی ژیانی شاعیر.ـ دووهه‌م، ئه‌و روانگه نێهلیستییهی که زۆربه‌ی رۆشنبیره‌کان هه‌یانه، به‌تایبه‌تی ده‌رباره‌ی شاملوو که ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م جیهانه به شوێنی خۆی نه‌زانێت. به‌تایبه‌تی ئه‌و کاته‌ی که ناتوانێت ئه‌و کاره‌ی که خۆی به به‌رپرسیاری ئه‌زانێت، ئه‌نجامی بدات. (سروش حبیبی) له وه‌رگێڕانی کتێبی (نارتسیس و گۆلدمۆند)ـی (هێرمان هێسێ)ـدا ده‌ڵێت: “هونه‌رمه‌ندێک که دیمه‌نێک ده‌خۆڵقێنێت و زانایه‌ک که به دوای یاسایه‌کدا ده‌گه‌ڕێت و بیرۆکه‌کانی له چوارچێوه‌ی رهستهکاندا باس ده‌کات، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که شتێک له چنگی مه‌رگ رزگار بکه‌ن و شتێک بخۆڵقێنن که ته‌مه‌نی له ته‌مه‌نی خۆیان درێژتر بێت و له‌م رێگه‌وه بگه‌ن به نه‌مری.” (نارتسیس و گلدموند،هرمان هسه، ترجمه سروش حبیبی، چاپ دوم 1385، نشر چشمه.)ئه‌مه ده‌رباره‌ی شاملووش راسته. ئه‌ویش گه‌یشتووه به‌م ده‌ره‌نجامه‌ی که ژیان هیچه، به‌ڵام ئه‌و ده‌یه‌وێت شتێکی‌تر بخوڵقێنیت جیاواز له‌وه‌ی که هه‌یه. له شیعریکیدا ده‌ڵێت:“ـ جهان را که آفرید؟”“ـ جهان را؟منآفریدم!”شاملو پێی وایه که ئه‌وه مرۆڤه مانا به ژیان ده‌به‌خشێت و له‌م مانایه‌دا شاعیر خۆی ده‌گه‌یه‌نێت به نه‌مری، به‌ڵام ڕۆڵی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که شاعیر خۆی به نامۆ ده‌زانێت، هه‌ر له‌و نامه‌یدا دیاره. ئه‌و له سه‌ره‌تای نامه‌که‌یدا ئه‌ڵێت: “به هۆی ئه‌م هه‌موو سه‌رقاڵییه‌وه که هه‌مه ناتوانم بنووم. ده‌بێت کار بکه‌م. ئه‌و کاره‌ی که به‌داخه‌وه بۆ به‌خته‌وه‌ری من و تۆ نییه: که ئه‌رکی خۆشم نییه: له‌به‌ر بهرپرسیایهتیش نییه: بۆ هیچ شتێک نییه، بۆ ته‌واوکردنی ئه‌حمه‌دی تۆیه. بۆ ئه‌وه‌یه که ـ به وته‌ی خۆت ـ شتێک له ئه‌حمه‌د بۆ تۆ نه‌هێڵێته‌وه.”ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی شاعیر خۆی به خاوه‌نى ئه‌م جیهانه نه‌زانێت. ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و کاره‌ی که پێی خۆشه ئه‌نجامی بدات، شیعر بنووسێت و بیر بکاته‌وه و بخوڵقێنێت، به‌ڵام ناچاره ئه‌و ئه‌رکه‌ش که کۆمه‌ڵگه سه‌پاندوویه به سه‌ریدا، ئه‌نجامی بدات.شۆڕش: له شیعرى نوێ‌دا، کێشه‌یه‌ک دێته پێشه‌وه که ئه‌ویش تێکه‌ڵکردنى شیعر و په‌خشانه. سارته‌ریش له کتێبی (ئه‌ده‌بیات چییه؟)، له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: “شیعر، وشه‌کان هه‌روه‌کو په‌خشان به‌کار نابات، ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین که له بنه‌ڕه‌تدا به‌کاریان نابات. واته سوود له وشه‌کان وه‌رناگرێت، به‌ڵکو سوودیان پێده‌گه‌یه‌نێت”، که‌واته له نێو ئه‌ده‌بیاتى کوردى و به‌تایبه‌ت شیعر، جۆره تێکه‌ڵییه‌ک ده‌بینین، ئه‌م جوێکردنه‌وه‌یه چلۆن مه‌یسه‌ر ده‌بێت؟نارین: له دونیای ئه‌مڕۆدا قسه‌کردن له‌سه‌ر جیاوازی بنه‌ڕه‌تی دوو شتى وه‌کوو په‌خشان و شیعر به‌م شێوازه تا راده‌یه‌ک بێ مانایه. ئه‌مڕۆکه ئیتر ئه‌م جیاوازییانه نه‌ته‌نیا نه‌ماون، به‌ڵکوو به بۆچوونی من پێویستیشمان پێیان نه‌ماوه. ئه‌مڕۆ ئه‌م بۆچوونه‌ی سارته‌ر ده‌رباره‌ی جیاوازی شیعر و په‌خشان شیاوی په‌سه‌ن کردن نییه. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه.. “ئێرنێست هێمینگۆای” له رۆمانی (پیاوێک که پێده‌که‌نێت) مه‌به‌ستی پێکه‌نینێکی ساکارانه نییه، واته نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه هه‌روا وشه‌گه‌لێکی ساده‌ی به کار نه‌هێناوه، به‌ڵکوو مانایه‌کی نوێی داوه به‌م وشانه. له‌م رۆمانه‌دا ئه‌و پێکه‌نینه به‌رده‌وامه، له راستیدا به نه‌شته‌رگه‌ری له سه‌ر روومه‌تی ئه‌و پیاوه دروست کراوه. لێوه‌کانیان تا بناگوێ بڕیوه، بۆیه وا دێته پێش چاو که هه‌میشه پێده‌که‌نێت. ئه‌و پێکه‌نینه خه‌م و حه‌سره‌ته و له هه‌مان کاتیش‌دا بزه‌یه‌کی تاڵه به‌ڕووی جیهاندا. ده‌بینین که نووسه‌ری رۆمانێکیش ده‌توانێت مانا ببه‌خشێت به وشه‌کان، ئه‌مه هه‌ر ئه‌و کاره‌یه که شاعیریکیش ده‌یکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باسی جیاوازی په‌خشان و شیعر بکه‌ین ناتوانین سنوورێکی گه‌وره له نێوانیان دیاری بکه‌ین. هه‌ندێ ده‌قیش هه‌ن که که‌س گومان له شیعربوونیان ناکات. وه‌کو شیعره‌کانی مه‌حوی یان مه‌وله‌وی، به‌ڵام هه‌ندێ ده‌قی تریش هه‌ن که نه به ته‌واوی شیعرن و نه په‌خشان. بۆ نموونه ئه‌توانم ئاماژه به شیعری نوێی بکه‌م. کاتێک که “نیما یووشیج” شیعری نوێی نووسی، هیچکه‌س تێ نه‌ده‌گه‌یشت که ئه‌مه په‌خشانه یان شیعر. پاش تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک هه‌ر ئه‌و ده‌قانه‌ی نیما که خه‌ڵک نه‌یانده‌زانی شیعرن یان په‌خشان، وه‌ک شیعر پێناسه‌ی بۆ کرا. ئه‌مه چۆن روویدا؟ خۆ هیچ گۆڕانێک له خودی ده‌قه‌کاندا رووی نه‌دا، به‌ڵکوو ئه‌مه روانگه‌ی خه‌ڵک بوو که گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. ئهمهیکه ده‌قێک شیعره یان په‌خشان پێوه‌ندی به روانگه و بۆچوونی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، واته ته‌نیا یه‌ک پێوه‌ر بۆ دیاریکردنی ئه‌م جیاوازیه وا له به‌رده‌ستماندا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بهێڵین کۆمه‌ڵگه هه‌ڵی سه‌نگێنێت. واته ده‌بێت راوه‌ستین تا لانیکه‌م سی ساڵێک تێپه‌ڕێت. هه‌ڵبه‌ته له‌وانه‌یه نووسه‌ر یان شاعیر تووشی ره‌خنه‌ی زۆر بێت، ئه‌مه نه‌ته‌نیا جیگای نیگه‌رانی نییه، به‌ڵکوو مایه‌ی خۆشحاڵیشه، چونکه ئه‌مه خۆی له خۆیدا ده‌مانبات به‌ره‌و داهێنان. ده‌بێت بنوسین و ره‌خنه بگرین تاکو ده‌ق پێگه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه.شۆڕش: “ڤیکتۆر کازن”، دیارترین مێژوونووسى فه‌لسه‌فى فه‌ڕه‌نسا له ساڵى (1828) له پاریس‌دا گووتى: “کاتێ ئێمه به وردى به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فى و شیعرى رۆژهه‌ڵات ده‌خوێنینه‌وه، له هه‌مووى گرینگتر به‌رهه‌مى هیندى له ئه‌وروپادایه که به‌ربڵاوتره و په‌ى به‌وه ده‌به‌ین که نوخبه‌ى ئه‌وروپایی تیایدا وه‌ستاوه، ناچار ده‌بین که له به‌رامبه‌ر فه‌لسه‌فه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌ژنۆ داده‌ین و له وێستگه‌ى ئه‌م سه‌رزه‌مینه ناوچه‌ییه، ره‌گه‌زى مرۆڤى باڵاترین فه‌لسه‌فه ببینن”، ره‌نگه ئه‌مه زیاتر تاگووڕ بگرێته‌وه، به‌ڵام ئایا شیعرى کوردى ده‌چێته هه‌مان خانه‌ى شیعرى رۆژههڵاتییهوه، یا تاوه‌کو ئێستا له چوارچێوه‌ى خێڵه‌کى و ناوچه‌یی خۆى رزگار نه‌کردووه؟نارین: دیاره که ناتوانین به ئه‌ده‌بیاتی کوردی بڵێن رۆژئاوایی. بۆ ئه‌مه‌ش که بزانین شیعری کوردی ده‌چێته خانه‌ی ئه‌و شیعره رۆژهه‌ڵاتیانه‌ی که کازن باسیان ده‌کات، پێویسته سه‌ره‌تا بزانین شیعری کوردی به چه‌ند زمان وه‌رگێڕدراوه. ئه‌مه‌ش که شیعرێک رۆژئاواییه یان رۆژهه‌ڵاتی، هه‌ر وه‌ک پێناسه‌ی کۆمه‌ڵگایه بۆ جیاکردنه‌وه‌ی شیعر ء په‌خشان، به‌ڵام ئایا پێناسهسهیهکی دیاریکراو بۆ شیعری رۆژئاوایی ء رۆژهه‌ڵاتی و خێڵه‌کی له‌به‌رده‌ستماندا هه‌یه تا شیعری کوردی تێدا بگونجێنین؟ به بۆچوونی من شیعریش وه‌ک تابلۆیه‌کی شێوه‌کاری وایه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت خوێنه‌ری زۆر به لای خۆیدا رابکێشێت، پێویسته خۆی له چوارچێوه‌ی خێڵه‌کی ده‌رباز بکات.شۆڕش: رۆڵى ژن له شیعردا چییه کاتێک خۆى که‌ره‌سته‌یه‌کى شیعرى پیاوه؟، ئایا ئه‌ویش به‌هه‌مان ته‌وه‌ردا تێده‌په‌ڕێت و پیاو ده‌کاته‌وه به وێناى خه‌ونه‌کانى، یا هێشتا ژنى رۆژهه‌ڵاتى و له‌نێویشیاندا، ژنى کوردى نه‌یتوانیوه بچێته ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و چوارچێوه‌یه؟نارین: دیاره له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی جیانیشدا، ژن که‌ره‌سته بووه بۆ شاعیران. ئه‌ڵبه‌ت له بواره هونه‌رییه‌کانی تریشدا هه‌روا بووه. له نیگارکێشان، سینه‌ما ء..، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌ده‌بیاتی ئه‌مڕۆ بکه‌ین ده‌بینین کاتێک که ژن قه‌ڵه‌م به ده‌سته‌وه ده‌گرێت، له‌و چوارچێوه‌یه ده‌رباز ده‌بێت. هه‌رچه‌ند ئه‌مه زه‌مانی ده‌وێت تا ژنان بتوانن خۆیان به بێ سانسۆڕ بنووسن. راسته ژنی کوردیش نه‌یتوانیوه له‌و چوارچێوه بێته ده‌ره‌وه و به داخه‌وه شیعری گۆرانی ئه‌و ژنه گۆرانیبێژانه‌ش که ره‌چه‌شکێنی تێدا ده‌بینین، پیاوان نووسیویانن. ئه‌و ژنه شاعیرانه‌ش که خۆیان له‌و چوارچێوه‌یه هێناوه‌ته ده‌ره‌وه، شیعره‌کانیان پڕه له گله‌یی و ده‌توانم بڵێم کاریگه‌ری ره‌وتی فێمینیزمی له‌سه‌ره. ئه‌مه ته‌نیا ژنی رۆژهه‌ڵاتی ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو ژنانی وڵاتانی تریشی تێدا جێ ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه شیعره‌کانی “سیلڤیا پلات”ـى ژنه شاعیری ئه‌مه‌ریکی، که ته‌نانه‌ت یاداشتهکانیشی پڕه له گله‌یی و ناته‌بایی. ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات که نه ته‌نیا ژنی کورد، به‌ڵکوو ژنانی وڵاتانی تریش پاش تێپه‌ڕبوون له کهرهستهبوون، زۆر ده‌خایه‌نێت تا له چوارچێوه‌ی گله‌یی و ناته‌بابوون بێنه ده‌ره‌وه، چونکه ئێمه راهاتووین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌س شیعر به باڵاماندا بڵێن. ئه‌ڵبه‌ت شتێکی گرنگیش که له شیعردا روویداوه ئه‌وه‌یه که ئه‌مڕۆ ژن که‌متر بابه‌تی شیعره و ئه‌مه‌ش گۆڕانێکه که له شیعری شاعیرانی پیاودا روویداوه و هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش خۆی هۆکارێک بووه بۆ ده‌ربازبوونی ژن له که‌ره‌سته بوون. وابزانم یه‌کێک له هۆکانی شیعره پڕگلهییهکانی ژنانیش هه‌ر ئه‌مه بێت.شۆڕش: “یاکوبسن” شیعر به (کاریگه‌رییه‌کى جوانیناسى زمان) و (هێرشى رێکخراو و هۆشیار بۆ سه‌ر زمانى رۆژانه) نێو ده‌بات، ئایا ده‌کرێت به زمانى ئاسایی شیعر بێژین، واته سادهبێژى شیعر، کاریگه‌رى هه‌یه له‌سه‌ر واتا و کرۆک؟نارین: شیعری ئه‌مڕۆ زۆر به‌ره‌و ساده‌بێژی رۆیشتووه. هه‌روه‌ها که له وڵامی پرسیاری دووهه‌مدا ئاماژه‌م پێ‌کرد کاتێک که شیعری نوێ نووسرا، خه‌ڵک به شیعریان نه‌ده‌زانی، به‌ڵام پاش تێپه‌ڕبوونی زه‌مان ئه‌مڕۆکه ئه‌وانه‌ش شیعرن و هه‌رکه‌سێکیش ناتوانێت به‌و راده‌یه‌ش ساده‌بێژی له نووسینی شیعردا به کار ببات، که بتوانێت هاوکات له‌گه‌ڵ سادهبووندا پێوه‌ره‌کانی ئه‌مڕۆ بۆ سادهبێژیشی ره‌چاو بکات، چونکه سادهبێژیش وه‌کوو هه‌موو شێوازه‌کانیتر، قۆناغه جیاوازه‌کانی تێده‌په‌ڕێنێت. پێموایه هه‌ر شێوازێکی نوێی که دێت وه‌کوو مرۆڤێکی نوێیه که کۆرپه‌یی تا پیرییش به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت. کاریگه‌ریش له‌سه‌ر واتا و کرۆک داده‌نێت، به‌س گرنگ ئه‌وه‌یه که ئێمه چۆن ئه‌و کاریگه‌رییانه شی بکه‌ینه‌وه و بیخوێنینه‌وه.شۆڕش: سارته‌ر له شوێنێک ده‌ڵێت: “شاعیران ناچنه ژێر بارى سوودوه‌رگرتن له زمانه‌وه، واته گه‌ره‌کیان نییه که وه‌کو ئامرازێک به‌کارى ببه‌ن و به‌دواى ئه‌وه‌وه نین که (ناو) له جیهان بنێن”، که‌واته شاعیر چلۆن کۆنتاکتت له‌گه‌ڵ زمان ده‌کات و ده‌بێت چلۆن له زمان بنۆڕێت؟نارین: لێره‌دا سارته‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که ئه‌رکی شاعیر نییه سوود له زمان وه‌ربگرێت، به‌ڵام سوود وه‌رده‌گرێت. کۆنتاکتی شاعیر له‌گه‌ڵ زمان بۆ مانادان به ژیانه و چۆنییهتییهکهشی پێوه‌ندی به پێکهاته‌ى زمانه‌وه نییه، چونکه شاعیر ده‌توانیت ئه‌م پێکهاته‌یه تێک بشکێنێت و ته‌نانه‌ت مانایه‌کی نوێتریش ببه‌خشێته زمان.